دوای ٦ ساڵ، پارتی و شکۆی ئاڵای کوردستان گەڕانەوە کەرکووک

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و سەپاندنی هێزی سەربازی بەسەر پارێزگای کەرکووک، سەرجەم بارەگاکانی پارتی لە شاری کەرکووک سووتێنران و دەستیان بەسەردا گیرا و کران بە مۆڵگەی سەربازی چەکدارانی نایاسایی، دوێنێ دوای ٦ ساڵ پارتی بارەگاکی لقی سێی کەرکووکی بە فەرمی لە شارەکە کردەوە و لەلایەن پێکهاتەکانی شارەکە و ئەندام و لایەنگرانی پارتیەوە پێشوازیی گەرم لە گەڕانەوەی پارتی و ئاڵای کوردستان کرا.

لەو ٦ ساڵەدا دۆخی کەرکووک چۆن بوو؟
دوای کشانەوەی پارتی و هەڵوێست وەرگرتنی ئەو حزبە سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، دۆخی ئیداری شارەکە بەرەو هەڵدێران ڕۆیشت و هیچ دادپەرەوەرییەک لە نێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا نەما. بەشیوەیەک هەر بڕیارێک لە لایەن ئیدارەی سەپێنراوی پارێزگاکەوە دەردەکرا، مەبەست لێی سزادانی هاوولاتیانی کورد و هەندێکجاریش تورکمانەکانی شارەکە بوو. بەپێی گوتەی هاووڵتیانی کورد، سەرباری ئەو نادادییەی بە هاووڵاتیانی کورد دەکرا، لەو ٦ ساڵەدا هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لە گەڕەکە کەردنشینەکان پێشکەش نەکراون و ئەو پرۆژانەش هەڵوەشێنراونەتەوە کە پێشتر بڕیاری لێدرابوو جێبەجێ بکرێن. ئەمە جگە لەوەی جووتیارانی کەرکووک، لەو ماوەیەدا هیچ ساڵێک بە ئاسوودەیی و ئارامی نەیانتوانیوە کاری ڕۆژانەی خۆیان بکەن و هەموو کات مەترسیی سووتاندن و داگیرکردنی زەوییەکانیان لەسەر بووە. لەو ماوەیەدا، هیچ ئومێدێک لە شارەکە بۆ هاووڵاتیانی کورد نەمابوو، جگە لە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
حیکمەتی سەرۆک بارزانی لە گەڕانەوەی پارتیدا
ئەگەرچی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەیلوولی ڕابردووەوە، هەوڵدرا بەهەر ڕێگایەک بێت، گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک شکست پێ بهێنرێت و دۆخی شارەکە لە هاووڵاتیان زیاتر تێکبدرێت. بەڵام دواجار سەرۆک بارزانی، بە چەند هەنگاو و بڕیارێک سەرجەم ئەو پیلانانەی پوچەڵکردەوە و لەپێناو پاراستنی گیانی پێکەوەژیانی شارەکەش بارەگای پێشووی لقی سێی پارتی پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرد. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای “کەرکووک – گەرمیان”ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوێنی، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بارەگای لقی سێی حزبەکەی لە کەرکووک، ڕایگەیاند؛ بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی، توانرا بەهێمنی دوور لە توندوتیژی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرکووکی دڵی کوردستان، بکرێتەوە و دەست بەکاربێت، پیرۆزبایی لە هەموو کادیر و ئەندامان و دڵسۆزانی خەڵکی کەرکووک دەکەین کە بەو پێشوازییە گەرمە، بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردەوە. ئەوەشی گوت: ئەو بەربژێرانەی دیاری کراون لە کەرکووک، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، ئەوانە بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ دەکەن، بەشێوەیەک بۆ چاکردنەوەی پێکەوە ژیان و نەهێشتنی ستەم، بەڕێوەبردنی لەو شارە و دامەزراندنی لەسەر بنەمایەکی پتەو، دابین کردنی ئاسایش و سەقامگیری، بۆ تەواوی خەڵک و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی بێت، پشتیوانی ئەو لایەنانەش دەکرێت کە پشتگوێخراون”.
گەڕانەوەی پارتی پتەکردنەوەی پێکەوەژیانە لە کەرکووک
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پارێزگای کەرکووک، بوونی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی جیاواز جیاوازە، کە هەمیشە پارتی بە پارێزەری مانەوەی ئەو جیاوازیانە دەناسرێتەوە. لە غیابی پارتیدا، هەوڵی زۆر بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە دراوە، تەنانەت کاکەیی و کوردانی فەیلی بەشیوەیەک جێ لەق بوونە، ئەستەمە جارێکی دیکە بێ بوونی پارتی متمانە بە ئیدارە و هیزی ئەمنی شاری کەرکووک بکەن. د. شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕیوڕەسمی کرانەوەی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک، گوتی: ئێمە هاتووینەتەوە بۆ کەرکووک، بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و یەکێتیی نێوان پێکهاتەکان پتەوبکەین. هەروەها لە رێگەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و، نوێنەرانی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا؛ کۆتایی بەم دۆخە سەپێندراوە، نادەپەروەری لە خزمەتگوزارییەکان، گەندەڵی و سەرەڕۆیی بەرپرسان و ئەم بێسەروبەرییەی لەم شارە هەیە، بهێنین”.
د. شاخەوان عەبدوڵا، ڕاشیگەیاند؛ پارتی لە چوارچێوەیەکی تەسکی حزبایەتیدا کۆنەکراوەتەوە. ئەگەر تەمەنی پارتی زیاتر لە 70 ساڵ بێت؛ تەمەنی رێبازەکەی زیاتر لە 100 ساڵە؛ بۆیە لە رێبازی بارزانیدا هەموو خەڵکێک دەتوانێت لەناو ئەم حزبەیەدا کار و خزمەت بکات”.
گوتیشی: بەشێک لە لایەنەکان ترسیان لەوە هەیە لەم هەڵبژاردنەدا کورد کورسییەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک زیاد بکات”. سەبارەت بە بیانووی هەندێک لایەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهۆی ڕێکنەخستنی تۆماری دەنگدەرانەوە، گوتی: من ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەرانم؛ هەفتەی رابردوو بە بەشداریی برایانی عەرەب و تورکمان سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەم کرد؛ ئەوان هیچ رەخنەیەکیان لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک نەبوو”.