بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 10:00، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرس، ئەندام و کادیری هەردوو لقی سێ و مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە.

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو. دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و چاوەڕێدەکرێت لەمڕۆوە دەست بکات بە بانگەشەیەکی بەرفراوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە هەزاران ئاڵای کوردستان و پارتی رازێندراوەتەوە. ماوەی 10 رۆژ بوو پارتی لەسەر ئەرکی خۆی، کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ بارەگاکەی دەکرد.

ئارام مامە، کارگێڕی لقی سێی پارتی لە رێوڕەسمی کردنەوەی بارەگاکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، “پارتی تاوەکو ئێستا وەکو پێویست بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەستپێنەکردووە؛ لەمڕۆوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بانگەشەکە دەستپێدەکەین. مەرج نییە بۆ ماوەی چەند مانگێک بانگەشە بکەیت؛ ئەگەر بانگەشەکە رێکوپێک بوو، دەتوانیت لە ماوەی 10 رۆژدا پەیامەکەت بە خەڵکی کەرکووک بگەیەنیت”.

ئەو کارگێڕەی لقی سێ ئەوەشی خستەڕوو، “هەموو بارەگای لیژنە و ناوچەکانی لقی سێی پارتی لە کەرکووک لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر تێکدراون و سووتێندراون. لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا هەر هەموویان نۆژەن دەکەینەوە و دواتر بە فەرمی دەیانکەینەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە خزمەتکردنی خەڵکی ئەم شارە”.

ئارام مامە روونیشیکردەوە، “رۆژی 5-11-2023 لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوەیەکمان هەبوو. پێی راگەیاندین پێویستە بەرپرس و کادیرانی پارتی دوای گەڕانەوەیان بۆ کەركووک، زیاتر لە خزمەتی عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووکدا بن. ئێمە کار بۆ پاراستنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاکانی کەرکووک دەکەین”.

بەشێک لە لایەنگرانی پارتی کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون و قسەیان بۆ پەیامنێری کوردستان24 کرد، خۆشحاڵی خۆیان بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و کردنەوەی لقی سێ دەربڕی و، رایانگەیاند، “گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی بارەگای لقی سێ، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ کورد و کەرکووکییەکان؛ ئەمڕۆ جەژنی هەموو کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان”.

لایەنگرێکی دیکەی پارتی لە کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، “شەش ساڵ بوو خەڵکی ئەم شارە بێ پشتیوان بوو. بە گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی لقی سێ، دۆخی شاری کەرکووک جیاواز دەبێت و گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت؛ شارەکە پێشدەکەوێت و ئارام و سەقامگیر دەبێت”