دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سبەی لە سنووری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دەوام دەستپێدەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، سبەی دووشەممە دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی قوتابی و مامۆستایاندا دەکرێنەوە و “رەوشی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم باخچەکانی منداڵان، قوتابخانە بنەڕەتییەکان، خوێندنگە ئامادەیی و پیشەییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاگادارکردەوە کە سبەی دووشەممە، 27-11-2023، دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی قوتابی و مامۆستایاندا دەکرێنەوە و “رەوشی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە”.

لەلایەن خۆیەوە، تریفە محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بەکوردستان24ـی رایگەیاند، لە سبەینێوە دەست بە دەوام دەکرێتەوە لە سەرجەم باخچەی منداڵان و قوتابخانە سەرەتایی و ئامادەیی و پیشەییەکاندا لەسنووری پەروەردەکەمان و من بەرپرسم لە سنووری خۆم، هیوادارم مامۆستایانی سنووری پەروەردەمان بەدەم داواکەمانەوە بێن.

هاوکات لە نووسراوەکەدا هاتووە: “ئاماژە بە راگەیەندراوی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سنووری پەروەردەی رۆژهەڵات دەکەینەوە لە رێگەی پەیجی قوتابخانە و خوێندنگاکانتانەوە سەرجەم قوتابییان و خوێندکاران و سەرجەم مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ ئاگادار بکرێنەوە رۆژی دووشەممە رێککەوتنی (27-11-2023) دەرگاکانی ناوەندەکانی خوێندن بە روویاندا دەکرێنەوە و رەوشی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە”.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: “داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرە بەڕێزەکان دەکەین کە بە نووسراوی فەرمی ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی دەوام سەرجەم ئاستەنگ و کەم و کورییەکانی دەوامکردن ئاراستەی پەروەردە بکەن لە ماوەی سێ رۆژدا”.