قائیمقام و ژمارەیەک بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری دهۆک و راپەڕین دەستبەکاربوون

قائیمقامی نوێی قەزای ئاکرێ، بەڕێوەبەرانی نوێی هەر دوو ناحیەی دارەتوو و باعەدرێ لە سنووری دهۆک و بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی ئیسێوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەستبەکاربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، بە ئامادەبوونی، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە دوو رێوڕەسمی جیاوازدا، قائیمقامی نوێی قەزای ئاکرێ، و بەڕێوەبەرانی نوێی هەردوو ناحیەی دارەتوو و باعەدرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی ئیسێوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، سوێندی یاساییان خوارد.

هەر یەکە لە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش لە هەردوو رێوڕەسمەکەدا بەشداربوون.

لە سنووری پارێزگاری دهۆک؛ د. دلاوەر بوزو هەرکی، وەک قائیمقامی نوێی قەزای ئاکرێ،  تەحسین عیسمەت قادر، وەک بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی دارەتوو لە قەزای بەردەڕەش و ڕێزان میرزا سەعیدیش وەک بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی باعەدرێ دەستبکاربوو.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش؛ موزەفەر ئەحمەد خزر عەلى، وەک بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی ئیسێوە دەستبەکاربوو.

دوای تەواوبوونی رێوەڕەسمی سوێندخواردن، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هانی بەرپرسە نوێیەکانی دا، پابەندی بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە دڵسۆزی، بێلایەنی و دەستپاکی و، دەرفەتی وەرگرتنی پۆستی حکومی بقۆزنەوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان.