بۆ جاری یەکەمە لە ئامێدی فێستیڤاڵی تەحین و بەرھەمە خۆماڵییەکان دەکرێت، ڕێکخستنی فێستیڤاڵەکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بوو، پاش ئەوەی سەردانی ئامێدی کرد، پارێزگاری دھۆک و قایمقامی قەزای ئامێدی ڕاسپارد ساڵانە فێستیڤاڵی تەحین و بەرھەمی خۆماڵی لەو قەزایە بکرێتەوە. قایمقامی قەزاکەش، دەڵێت: گرنگیدان بە بەرھەمە ناوخۆییەکان و کەرتی کشتوکاڵ کاری لە پێشینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.
یەکەمین فێستیڤاڵی تەحینی ئامێدی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، لە فێستیڤاڵەکەدا بێجگە لە تەحین، بەرھەمە خۆماڵییەکانی دیکەی دەڤەرەکە لەوانەش ھەنار، سماق و برنج نمایش کران.
لە تەواوی پارێزگای دھۆک ساڵانە دوو ھەزار و شەش سەد و پەنجا و سێ دۆنم زەوی بە کونجی دەچێندرێت، شەش سەد و بیست و سێ تۆن کونجی بەرھەم دەھێندرێت کە دەکرێن بە تەحینیش چوار سەد و حەفتا تۆن تەحین لێیان بەرھەمدێت.
بەناوبانگیی تەحینی ئامێدی بۆ کونجی خۆمالی و ئەو ئاشانە دەگەڕێتەوە کە بە ئاو کار دەکەن، تەحینی ئاشی ئاو لە کونجیی خۆماڵی دروست دەکرێت، کە لە ناوچەکە دەچێنرێن و ژمارەیەکی زۆری کرێکار لەو ئاشانە کار دەکەن.
ھەموو ساڵێک لە وەرزی پایز و زستاندا ئاشەکانی سنووری ئامێدی دەست بە دروستکردنی تەحین دەکەن، لە ھەرێمی کوردستان تەحینی ئامێدی بە بەناوبانگترین تەحین دادەنرێت و مێژووی دروستکردنی بۆ زیاتر لە پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ھاووڵاتییان بۆ دەستکەوتنی ئەو تەحینە لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان، ھەتا لە دەرەوە سەردانی قەزای ئامێدی دەکەن.
ھەر ئاشێک ڕۆژانە نزیکەی سێ سەد کیلۆ تەحین بەرھەم دەھێنێت، ماوەی چەند ساڵێکە تەحینی ئامێدی ھەناردەی ئەمەریکا، کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت، بەگوێرەی داتای یەکێتیی ھەناردەکارانی دھۆک، لە شەش مانگی ڕابردوودا شەش سەد تۆن بەرھەمی تەحین لە پارێزگای دھۆک ھەناردەی دەرەوە کراوە.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، ڕایگەیاند:بایەخدان بە بەرھەمە ناوخۆییەکان و کەرتی کشتوکاڵی کاری لە پێشینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.
قایمقامی قەزای ئامێدی، دەشڵێ: بیست و نۆ ئاشی تەحین لە سنووری قەزای ئامێدی ھەن، بەرھەمی تەحینی ھەر ھەمووان لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش کران، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئاشەکان بە ئاو کاردەکەن، تەحینێکی جیاواز، بەتام و زۆر باشیان لێ بەرھەم دەھێندرێت، ئەمەشە تەحینی ئامێدی لە تەحینی ناوچەکانی دیکە جیادەکاتەوە.
وارشین سەلمان، قایمقامی قەزای ئامێدی، ئاشکراشی کرد: دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆ ناوچەکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە، بڕیاردا بە ڕێکخستنی فێستیڤاڵێکی تایبەت بە تەحینی ئامێدی و بەرھەمە خۆماڵییەکان بەمەبەستی ناساندن و بە بازاڕکردنیان.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، دەڵێت: ساڵ بە ساڵ بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر و جوانتر و بە پاکێتی جوانترەوە بەرھەمەکە پێشان دەدرێت، ئەوەش دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی فرۆشێکی زیاتری ھەبێت، بەتایبەت لەلایەن ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچەکە دەکەن.