ساڵی 2005 كە دەستووری عێراق نووسرایەوە لایەنە عێراقییەكان لەسەر ئەوە ڕێکكەوتن كوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمین دەبێت بەهەردوو زمان لەسەر دراوی عێراقی بنووسرێت، بەڵام تا ئێستە زمانی كوردی نەخراوەتە سەر دراو.
لەبڕگەی چواری دەستووردا هاتووە “دراو و پۆل و پەساپۆرت دەبێت بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپ بكرێن”
هەژدە ساڵ بەسەر پەسەند كردن و دەنگدان بەسەر دەستووری عێراقدا تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا ئەو بڕگەیە و دەیان بڕگە و پڕۆژەی دیكە لە دەستووردا هاتوون، جێبەجێ نەكراون.
دانا شەهید جەزا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق گوتی: هەبوونی زمان و شوێنەوارەكانی كوردستان لەدەستووردا هاتووە بەڵام تائێستا لەپەرلەماندا باس نەكراوە.
بەبڕوای ئەو، لەو بڕگەیە گرنگتر جێبەجێ نەكراوە مادەی 140 و مووچەی فەرمانبەرانی موستەحەقاتی پێشمەرگەیە، جێبەجێ نەكردنی مادە ستووریەكان لەبەغدا بەرامبەر هەرێم بۆ دۆخی سیاسی گەڕاندەوە.
گوتیشی: لەگەڵ ئەوەدا بەغدا ئێستا مووچە بۆ هەرێم نانێرێت ئیترچۆن بچین بڵێین زمانی كوردی با لەسەر دراوی عێراقی هەبێت، بێگومان گوێمان لێناگرن.
عێراق لەمێژووی خۆیدا چەندین دراوی هەبوو بەڵام كەمترینیان زمانی نووسینی كوردیان لەسەر بووە، ساڵی 2004 دراوی نوێی عێراقی خرایە بازاڕەوە كە تا ئێستا كاری پێدەكرێت كەبە چاپی نوێ یان چاپی بریمەر ناسراوە لە 250 دیناریەوە هەیەتی تا پەنجا هەزار دیناری جگە لە پێنج هەزار دیناریەكە كە وێنەی تاڤگەی گەلی عەلی بەگی لەسەرە، هیچ نووسینێك یاخود وێنەی شوێنەوارێكی كوردستان لەسەر دراوەكە دانەنراوە.
شارەزایەكی ئابووری پێیوایە بەهۆی ئەوەی كوردستان سیاسەتی نەقدی و مالی بازرگانی نییە هیچ گوشارێكی بۆ ناكرێت.
د. هۆشیار مەعروف مامۆستای ئابووری لە زانكۆی لوبنانی و فەرەنسی گوتی: گرنگی نووسینی كوردی لەسەر دراو ئەوەیە ڕۆژێك لەڕۆژان ئەو پارەیە لەمۆزەخانە دادەنرێت ئەوە گرنگە شوناسی كوردیشی لەسەر بێت.
گوتیشی: هاووڵاتیانی كوردستان ناچارن ئەو دراوە بەكاربهێنن چونكە بەدیلی دیكەمان نییە لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی گشتی لەپشت بەكارهێنانی ئەو پارەوەیە .
ئەم پرسە لەكوردستان لەپەرلەمانی كوردستان نەبووەتە بابەت لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەماوەكانی پێشوودا كاتێك پەرلەمان کارا بوو.
محەمەد سەعدەدین ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، گوتی: دراوی عێراقی بۆ هەموو خەڵكی عێراقە بەكوردستانیشەوە بەوهۆیەوە زمان و وێنەی پارەمان تەعبیر لەهەموو ناوچە جیاوازەكانی عێراق بكات بەتایبەت وێنەی شوێنەوار و كەسە دیارەكانی كورد كە ڕۆڵیان هەبووە لەمێژووی عێراقدا.
گوتیشی: بەداخەوە تەنیا پێنج هەزار دیناری وێنەی تاڤگەی گەلی عەلی بەگی لەسەرە سەرجەم نووسینەکانی بە عەرەبی لەسەری نووسراون.
هەر لەبارەی ئەوەی ئاخۆ لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەم باسەیان لەماوەكانی پێشوودا بۆچی نەخسۆتە بەرباس لەوبارەوە لە گۆران عومەرمان پرسی ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری لە خولەكانی پیشووی پەلەمانی كوردستان، ئەو گوتی: لەماوەكانی ڕابردوودا داوامان لەسەرۆكی پەرلەمان كردوە بەرپرسانی كورد لە بەغدا ئاگادار بكەنەوە تا نووسینی كوردی شوێنەوارەكانی كوردستان با لەسەر دراوی عێراقی هەبێت لە ئایندەدا بەڵام ئێستا لەپەرلەمان نەماوین نازانین ئەو پرسە بەكوێ گەیشت و چی بەسەرهات.
زۆربەی كات باس لەوە دەگرێت دراوی عێراقی گۆڕانی بەسەردا بێت لە ڕووی كەمكردنەوەی سفرەكانی سەر دراوەكە لەچاپدانی دراوی نوێ، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی وێنە و زمانی و وێنەی كوردی لەسەر دراوەكە ناكرێت.