دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نەوتی رۆژئاوای كوردستان خێرەكەی بۆ هاووڵاتیان نییە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی پێشووی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا،، لە وتارێكدا گوتی ”پێویستە كورد بگەڕێنەوە ئەو ناوچەیەی نەوتی لێیە و ئەمریكاش پشتگیریان دەكات تا ئەو نەوتە نەكەوێتە ژێر دەستی داعش و ئێران“. دوای ئەو لێدوانە تانك و سەربازەكانی ئەمریكا كۆنتڕۆڵی هەموو ئەو بیرە نەوتانەی كرد كە لەژێر دەستی یەپەگەدا بوون، بۆیە چەندین میدیا و شارەزایانی بواری نەوت، بەدواداچوونیان كرد، بەوەی ئاخۆ ئەو نەوتە چەندە؟ كێ دەیبات و تا چەند كاریگەریی لەسەر ئابووری سووریا دەبێت؟ هەروەها ئایە سەرچاوەی سامانە سروشتییەكانی سووریا تا چەند گرنگە و گرنگییەكەشی لە چییەوەیە؟

سووریا چەند بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت؟
ماڵپەری (BBC)ی توركی لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای دەكات كە لە سووریا رۆژانە چەند بەرمیل نەوت بەرهەم دێت. ئەو ماڵپەڕە ئاشكرای دەكات، كە لە دوای 2011 و بەرپابوونی شەڕی ناوەخۆ لە سوریا، تاوەكو ئێستا نازانرێت بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی سووریا چەندە. بەر لە 2011 ش بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە شتێكی ئەوتۆ نەبووە. سووریا لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەكان، بەرهەمهێنانی نەوتی لە رۆژێكدا 600 هەزار بەرمیل نەوت بووە، بەڵام هەر لەو ساڵانەدا عێڕاق 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە. وەكوو ئەوەی رێكخراوی ئۆپیك ئاشكرای كردووە، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی عێڕاق لە 2023 گەیشتوەتە 3 ملیۆن و 500 هەزار. ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ئاشكرای دەكات، لە 2018دا لە سووریا رۆژانە 28 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوە و لە لیستی ئەو وڵاتانەی نەوت دەفرۆشن سووریا لە ریزبەندی 73 بووە و توركیاش 54 بوە.
دانیاڵ یەرگین شارەزای بواری وزە لە سەنتەری نێودەوڵەتی لۆندرا، لە دیمانەیەكیدا بۆ رادیۆی (NPR)_ی ئەمریكی لەبارەی نەوتی سووریاوە دەڵێت: ”نەوتی سووریا هیچ كاتێك لە بازاڕەكانی جیهاندا گرنگی نەبووە، چونكە بەرهەمهێنانی نەوتی بەردەوام كەم بووە“.
نەوتی یەدەگی سووریا چەندە؟
هەر وڵاتێك بەرهەمی نەوتی كەم بێت، مەرج نییە بۆ ئەوەی نەوتی یەدەگیشی كەم بێت، بۆ نموونە فەنزوێلا یەكێكە لەو وڵاتانەی لە جیهاندا زۆرترین نەوتی یەدەگی هەیە و بە پلەی یەكەم دێت، بەڵام بەرهەمی نەوتی رۆژانەی تەنیا 2 ملیۆن بەرمیل نەوتە.
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، لە 2011 ئامارێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد كە سووریا خاوەنی2 ملیار و 500 هەزار بەرمیل نەوتی یەدەگە، ئەمەش لە بازاڕی جیهاندا 0،24٪ دەبێت. عێراق كە دراوسێی سووریایە نەوتی یەدەگی 142 ملیار و 500 هەزار بەرمیلە و ئێران 158 ملیار و 400 ملیۆنە و سعوودیاش 266 ملیار و 500 ملیۆن بەرمیلە. وەكو ئەوەی شارەزایانی بواری وزە باسی دەكەن، هەرێمی كوردستانیش خاوەنی 50 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە.
نەوتی سووریا تا چەند كوالێتی بەرزە؟
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، نەوتی سووریا لەڕوی كوالێتییەوە زۆر لاوازە و 60٪ی نەوتەكەی نەوتی قورسە، بە واتای نەوتێكە كوالێتی نزمە.
لە بازاڕی وزەی جیهانیدا، نەوتی گران بە واتای نزمی كوالێتی ئەو نەوتە دێت، بەڵام ئەگەر بێت و نەوتەكە نەوتی سووك بوو، كوالێتی نەوتەكە بەرزە. بۆیە لەوڕوەوە نەوتی سووریا كوالێتییەكەی نزمە و لەڕووی فرۆشتنیشەوە نرخەكەی كەمترە.
نەوتی سووریا دەكەوێتە كوێوە؟
نەوتی سووریا زۆربەی واتە 95٪ بیرە نەوتییەكانی دەكەوێتە ناوچەی رۆژهەڵاتی سووریا، كە رۆژئاوای كوردستانە، ئەمەش هەر بە گوێرەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی.
نەوتی سووریا دەكەوێتە نێوان سنوورەكانی عێڕاق و لەوێشەوە تا رووباری فورات دەگرێتەوە، نمووە (ئۆمەر، شەدادی، سوەیدا)، كە بەر لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوەخۆ، زۆربەی نەوتی سووریا لەو ٣ ناوچەیە بەرهەم هاتووە.
نەوتی سووریا ئەگەرچی لە بازاڕی وزەدا گرنگی نییە و نەیتوانیوە ببێتە نەوتێكی جیهانی، بەڵام فرۆشتنی ئەو نەوتە بەر لە 2011 بۆ بودجەی گشتی سووریا زۆر گرنگ بووە.
بەر لە 2011 نەوتی سووریا بۆ وڵاتانی ئەوروپی دەفرۆشرا، داهاتەكەشی دەخرایە ناو بودجەی وڵات و گرنگییەكی زۆری هەبووە، هەروەها 32٪ نەوتی سووریاش ئەڵمانیا كڕیاری بووە. بە گوێرەی زانیارییەكانی دانیاڵ یەرگین، بەشار ئەسەد 25٪ی بودجەی وڵاتی لەسەر بنەمای فرۆشتنی نەوتەكەی دادەنا، واتە 25٪ی بودجەی سووریا لەسەر فرۆشتنی نەوت بووە.
بە گوێرەی ئەو شڕۆڤانەی شارەزایانی وزە كردویانە، دۆناڵد ترامپ ویستوویەتی تەواوی نەوتی سووریا بخاتە ژێر ركیفی خۆی و یەپەگە، بۆیە كۆمپانیاكانی ئەمریكا دەهێنێتە ئەو ناوچەیە و بە دوای نەوتدا دەگەڕێن، پلانیشیان هەیە رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی سووریا دەربهێنن.
بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئەو هەوڵەی تڕامپ تا چەند سەركەوتوو بووە و تا چەند توانیویانە سوود لە نەوتی رۆژئاوای كوردستان ببینن، چونكە وەكوو ئەوەی ئاشكرایە، یەپەكە، نەیتوانیوە ژیانێكی خۆش بۆ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دروست بكات و خەڵكەكەی لە هەژاریدا دەژین، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، ئەو نەوتە ئاستی بەرهەمهێنانی نەگەیشتووەتە یەك ملیۆن لە رۆژێكدا وەكوو ئەوەی تڕامپ هەوڵی بۆ دەدا.