پەیامی یەیەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی ھەڵمەتی شانزە رۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان

توندوتیژی دژی ئافرەتان بەیەکێک لەکێشە کۆمەڵایەتی و پرسە گشتیەکانی کۆمەڵگە دادەنرێت. ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیە پێویستی بە ھەڵوەستەلەسەرکردن وپلانی نوێ ھەیە بۆ نەھێشتن و بنبڕکردنی لەکۆمەڵگەدا کەدەبێتە ھەنگاوێک بۆ چەسپاندنی یەکسانی رەگەزی و دادوەری کۆمەڵایەتی.

ساڵانە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی پلان ونەخشەرێگەی تایبەتەوە ھەوڵی نەھێشتنی توندوتیژی ئافرەتان دەدات، و لەئێستادا ئەو پرسە گشتگیرتر کاری لەسەر دەکرێت و لەناو چوارچێوەی خێزان چڕکراوەتەوە، بەو ئامانجەی کەدەبێت رێگە نەدرێت توندوتیژی لەناو خێزان دروست بێت و دواتر بۆ ناو کۆمەڵگە تەشەنە بسێنێت، بەو مانایەی کە ئەگەر شیرازەی خێزان پارێزراو وسەلامەت بێت ئافرەتانیش دوور دەبن لەتوندوتیژییەکان.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک رێکخراوێکی داکۆکیکاری مافەکانی ئافرەتان سێ ساڵە خاوەن نەخشەرێگەیەکە بۆ وەستاندنی ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەتایبەت توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزی. لەبەرئەوەی توندوتیژی رەگەزی جۆرێکە لە هەڵاواردن و پێشێلکردنی ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان و هەموو ئەو کردەوە توندوتیژییانە دەگرێتەوە کە لە ئەنجامدا دەببێتە هۆی زیانگەیاندن لە کەسێتی ئافرەت و دابڕانیان لەکۆمەڵگە، لەو سۆنگەوەیە کە لە نەخشەرێگەی یەکێتی ئافرەتان چەند دروشمێک دانراوە کە ھەڵقولاوی ئاریشە چارەسەرنەکراوی کۆمەڵگەن و پێویستیان بەکاری جدی ھەیە، بۆئەوەی دەرھاویشتە خراپەکانی توندوتیژی لەخێزان و کۆمەڵگە نەھێڵدرێن.
وەک ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی نیشتمانی، ساڵانە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەشدارە لە ھەڵمەتی شانزە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و پاڵپشتی بەرنامە و ئەجێندای حکومەت دەکات بۆ ھۆشیارکردنەوە و نەھێشتنی کلتوری توندوتیژی، چونکە پێمانوایە ھەتا ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی نەچەسپێت، کۆمەڵگەش لەرووی بوارەکانی دیکەوە پێشناکەوێت و سەرناکەوێت.
لەم رۆژەدا، سەری رێزو نەوازش بۆ ئەو ئافرەتانە دانەوێنین کەبونەتە قوربانی ھزری توندوتیژی و نادادپەروەری.
بۆ ئەو ئافرەتانەی ئازادانە بەرگری لەماف و داواکارییەکانی خۆیان دەکەن و بونەتە سیمبولی ئازادی و رچەشکێن.

یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان
٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣

ھەواڵی زیاتر