ئاراس جەبار ،شارەزای كەشناسی ئەمڕۆ یەكشەمە 26 ی تشرینی دووەمی 2023 رایگەیاند : لەئەنجامی بەردەوامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست سبەی دووشەمە 27/11/2023 ئاسمانی ھەرێم بەدرێژایی كاتەكان ھەوری تەواو ئەبێت ، لەگەڵ بارانی رێژە مامناوەند و پچڕ پچڕ لە سنوری ئیدارەی راپەرین و سەنتەری پارێزگای دھۆك و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە .
هەروەها دەڵێت: لەناوچە شاخاویەكاندا رێژەی دابارین زیاتر ئەبێت و بارانەكە بەشێوەی بەردەوام ئەبێت و ھەندێك كاتیش بارانەكە ئەوەستێت ، لەناوچەكانی سنووری پارێزگای كەركوك و سنووری ئیدارەی گەرمیان كاریگەری بارانەكە لاواز ئەبێت ،ھەندێك كات ئەگەری نمە بارانی پچڕ پچڕ و ھەندێ ناوچەش بارانی مامناوەندی ئەبێت .
دەشڵێت:پلەكانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ 2 تا 3 پلە نزمدەبنەوە ، خێرایی با زۆربەی كاتەكان چالاك ئەبێت لەنێوان 15-30 كم لە كاتژمێرێكدا ، كاریگەری ئەم شەپۆلە لەناوچەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر لە سبەی ئێوارەوە كۆتای پێدێت لەناوچەكانی سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی و بەگشتی ناوچە شاخاویەكانی رۆژھەڵاتی ھەرێم تا كاتەكانی شەو درێژەی ئەبێت .
ئاماژەی بەوەشدا،رێژەی بارانی پێشبینیكراو لەناوچە شاخاوییەكاندا 15 تا 30 مللیمەتر ، لەسەنتەری پارێزگاكان و ناوچە نزمەكان 3 تا 15 مللیمەتر دەبێت.