وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه‌ بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون، هەروەها کتێبی ئاینی یاساغ (قاچاغ) نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا رێكخراوە.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: لە رێگای بەشی یاسای وەزارەت بۆ ماوەی (45) رۆژ لە رۆژنامەكانی “كوردستانی نوێ” و  رۆژنامەی “هەولێر” ئاگاداری بڵاوكردەوە، بە لە بەرچاوگرتنی سەرجەم رێكارە یاساییەكان بۆ سەرجەم دەزگا رۆشنبیرییەکان و خانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، داواكراوه هەر لایەنێك دەتوانێت هاوكاری وەزارەت بكات بۆ كردنەوەی پێشانگای كتێب لە سلێمانی با بێت و فۆرمی تەندەر وەربگرێت، هیچ دەزگایەك نەهاتووە، تەنیا ئەم دەزگایە نەبێت “ده‌زگای چاپ و په‌خشی ئه‌تڵه‌س”، كە ئێستا پێشانگه‌كەی كردووه‌تەوە.

لەروونکردنەوەکەی وەزارەتدا هاتووە، سەرجەم ئەو دەزگا و خانانەی بڵاوكردنەوە و كتێبفرۆشی، كە ئێستا لە پێشانگه‌ بەشدارن و خاوەن ستاندن لە پێشانگاكە، لە هەرێمی كوردستان مۆڵەت پێدراون و خاوەنی نووسینگەی دەزگای رۆشنبیری، یان خانەی چاپ و بڵاوكردنەوە، یاخود دوكانی كتێبفرۆشین .

ئاماژە بەوەشکراوە، هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێك ئیسلامی، یان عه‌لمانی ئەوەی خۆی خواستی هەبووبێت بەشداربێت لە پێشانگه‌كەدا  رێی لێ نەگیراوە، ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه‌ پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ رێگرییەك هەیە؟

باسی لەوەشکرد، ئەگەر قسە و گلەیی لەسەر زۆری كتێبی ئایینیە، کتێبی ئاینی یاساغ (قاچاغ) نییە، هەمووان دەبێت ئەوە بزانین لە ھەرێمی كوردستان ئەم بابەتە بەیاسا رێكخراوە. کە بە پێی یاسایی چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە (10) ساڵی 1993 لە ماددەی دووەمدا دەڵێت: “رەقابە لەهەرێم ناخرێتە سەر چاپەمەنی، هەر هاووڵاتییەک سەربەستە لەدەرکردنی هەر چاپەمەنییەک، بەپێی حوکمی ئەم یاسایە” .

هه‌روه‌ها لەماددەی (نۆیەم)دا ھاتووە: “بڵاوکردنەوەی ئەو باباتانە قەدەغەن، کە هانی تاوان و کاری تیرۆرستی دەدەن و رێوشوێنی بۆ خۆش دەکەن، یان جنێو و تانوت لێدان و ناوزراندنی کەسانی تێدایە، یان دەستدرێژی تێدابێت بۆ سەر ئاین و مەزهەبەکان و سیستەمی گشتی”.

ئەگەر ھەر کەسێک لە پێشانگەی کتێبی سلێمانی کتێبێکی دۆزییەوە یەکێک لەم بابەتانەی کە مادەی نۆ دیاری کردووە تێدابوو، ئەوە ئەو کتێبە رێگا پێدراو نییە.