پەیوەندیی کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ هێڵەکانی دیکە ئاسایی دەبێتەوە

دەستەی راگەیاندنی پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریداوە، کە دەبێت کۆڕەک تیلیکۆم بە ماوەی 15 رۆژ، هەموو قەرزەکانی بداتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک پێکنهێنراوە و پەیوەندیی کۆڕەک لەگەڵ هێڵەکانی دیکە لەناوخۆ ئاسایی دەبێتەوە.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم راگەیاند، لیژنەیەکی سێ کەسی لەلایەن حکومەتی عێراق پێکهێنرا بۆ کێشەی نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، لیژنەکە لەگەڵ کۆمپانیایی کۆڕەک و دەستەی راگەیاندنی پەیوەندییەکانی عێراق، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

گوتیشی: “لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی راگەیاندنی پەیوەندییەکانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد، کە بە ماوەی 15 رۆژ کۆڕەک تیلیکۆم، هەموو قەرزەکانی بداتەوە کە 800 ملیۆن دۆلارە. لە بەرامبەر ئەوەشدا کۆڕەک تیلیکۆم پابەند بوونی خۆی بەو بڕیارە دووپات کردەوە، داواشیکرد، دەبێت هەموو پەیوەندییەکانی، لەگەڵ هێڵەکانی ئاسیا و زین ئاسایی بکرێنەوە”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندنی پەیوەندییەکانی عێراق، بارودۆخەکەی خراپتر کرد، بەوەی پەیوەندی نێودەوڵەتییەکانی کۆڕەک تلیکۆمی لەگەڵ ریکلامە تەلەڤزیۆنەکانی راگرت.

لە 30/8/2023 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیایی کۆڕەک تیلیکۆم بۆ ماوەیەک، دوای تەواو بوونی مۆڵەتی کۆمپانیاکە، راگەیاندنی هێڵی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، داوای لە هەموو هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم کرد، بەهیچ شێوەیەک، سیمکارتی کۆڕەک نەکڕن و نەفرۆشن.  

رۆژی دووشه‌ممه،‌ 23ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم راگه‌یەندراوێكی بڵاوكرده‌‌ و تێیدا روونكردنه‌وه‌یه‌كی بۆ رای گشتی عێراقی، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، په‌رله‌مان، حكومه‌ت و مه‌رجه‌عه‌ ئایینییه‌كان داوه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراقی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت، نادادپه‌روه‌ری و نایاساییه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پابه‌ندبوونی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیار و یاساكان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵوێستی خۆی له‌ چه‌ند خاڵێكدا خستووه‌ته‌ڕوو.

كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم راشیگەیاند، به‌رده‌وام به‌ هه‌موو بڕیارێكی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و یاسا و رێنماییه‌كانی عێراق پابه‌ندبووه‌ و هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كیان له‌ هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو دانانی سنوورێك بۆ ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌نێوان ئه‌وان و ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراقی هه‌یه‌ نه‌كردووه‌.

كۆڕه‌ك تیلیكۆم، باسی له‌وه‌ش کردبوو، ئه‌و سته‌مه‌ نادادپه‌روه‌ر و نایاساییه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراقییه‌وه‌ به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌رده‌وامن له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاووڵاتییان، هاوكات بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی په‌نای بردووه‌ته‌وه‌ به‌ر دادگا، هیچ لایه‌ن و دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆی نییه‌ بڕیار له‌ داخستنی كۆمپانیای كۆڕه‌ك تیلیكۆم بدات، چونكه‌ خاوه‌نی زیاتر له‌ حه‌وت ملیۆن هاوبه‌شه‌.

كۆڕه‌ك تیلیكۆم دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ باوه‌ڕی به‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌ و ناكۆكییه‌ك هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌زگا فه‌رمی و دانوستانه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ شیاوی جێبه‌جێكردن بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باشترین بژارده‌ په‌نابردنه‌ به‌ر دادگایه‌، به‌وپێیه‌ی بێلایه‌ن و جێی متمانه‌یه‌ و پابه‌نده‌ به‌وه‌ی ده‌یڵێت.

راشیگەیاندووە، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشەکان‌ بكرێت كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراقی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت، داوای له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌، بڕیار بده‌ن بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پشتبه‌ستن به‌ به‌ڵگه‌كان، به‌دواداچوون بۆ راستییه‌كان بكات.

لای خۆشیەوە  سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک، سەبارەت بە کێشەکانی کۆڕەک و بڕیاری دادگای عێراقی گوتی: “کێشە لە نێوان کۆڕەک و ئاسیادا نییە، کێشەکە لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقە و کێشەکە کۆنە”.

دەشڵێت: “ئێمە دۆکیۆمێنتی خۆمان نیشانی میدیاکان داوە، بڕیاری دادگای عێراق هەمووی لە بەرژەوەندی کۆڕەک بوو، کە هاتە سەر حاڵەتی جێبەجێکردن، ئێمە نزیکەی ساڵێک چاوەرێمان کرد، چەند نووسراوێک لە دادگای جێبەجێکردنی کەرخ نێردرا بۆ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بەڵام ئەوان جێبەجێیان نەکرد”.

ئەوەشی خستەڕوو: “محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لێژنەیەکی پێکهێناوە لە پەرلەمانی عێراق، لیژنەکە لەگەڵ نوێنەری کۆڕەک و دەستەکە کۆبووەتەوەو رۆژانی داهاتوو ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەردەکەوێت”.