حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی مووچە دەداتە بەغدا

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران، دوو پێشنیازی پێشکەشکردووە کە وابڕیارە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاری لەسەر بدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران و دابینکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازی کردووە کە یەکێک لە پێشنیازەکان بریتییە لە ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان و وابڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بەم نزیکانە بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدات.

هەروەها پێشنیازی دووەمیش بریتییە لە هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی، تاوەکو بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینەی یاسای بودجە جیابکرێتەوە و مانگانە لەوادەی خۆیدا پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

هەفتەی داهاتوو حکومەتی عێراق، کۆتا گوژمەی 700 ملیار دیناری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم خەرجی و داهاتی سێ مانگی رابردووی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کردووە تاوەکو رێکارەکانی ناردنی پارەکە خێراتربێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، لەکۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت لە دوو هەفتەی رابردوو، لەلایەن نوێنەری پارتی و یەکێتییەوە پێشنیازی ئەوە کراوە، دەبێت یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و رێگەچارەیەکیش بدۆزرێتەوە بۆ ناردنی سێ مووچەی دیكە بۆ هەرێمی کوردستان.

بەغدا رایگەیاند، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تا رادەیەک رەزامەندیان نیشانداوە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بەو مەرجەی دەستکارییەکی زۆری بڕگە و ماددەکانی نەکرێت و ئەو ماددانەی ناکۆکی لەسەر بتواندرێت چارەسەری یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە.

هاوکات موعین کازمی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکرد، هەمواری یاسای بودجە سەرجەم ماددەکانی یاساکە ناگرێتەوە کە 78 ماددەیە بەڵکو هەندێک لە ماددەکان دەگرێتەوە و دەتواندرێت گۆڕانکاری تێدابکرێت، بەڵام ئەگەر رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بکرێت ئەوا بەگوێرەی پێویستی دەتواندرێت هەمواری یاسای بودجە بکرێت.

حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی هەرسێ بانکی رەشید، رافیدەین و تی بی ئای، دوو گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ناردنی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە دەکات تاوەکو دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکرێت.

رۆژی (22ـی تشرینی دووەمی 2023) فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، راگه‌یاند، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10ـمان راده‌ستی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی و چاودێری دارایی عێراقمان كردووه‌ و “وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستمان به‌ رێكاره‌ ئیدارییه‌كانی ناردنی گوژمەی سێیه‌می 700 ملیار دیناره‌كه‌ی مووچه‌ی مووچەخۆرانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری تایبه‌تی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان”.

وابڕیارە دوای سەری ساڵ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاکتاوی دارایی سەردانی بەغدا بکات، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رەوانە بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لەم چەند مانگە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە تەنیا وەکو قەرز بووە و تائێستا پشکی هەرێم رەوانە نەکراوە.

هەر لەم مانگەدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، نزیکەی 120 واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابکرێتەوە، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەوە دەکەنە پڕۆژەیەک بە مەبەستی ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.