ئاسایشی هه‌ولێر جادووگه‌رێك ده‌ستگیر ده‌كات

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ده‌ستگیركردنی سه‌حرباز و جادوگه‌رێكی ڕاگه‌یاند كه‌ چه‌ندین ئافره‌تی فریو دابوو و ده‌ستدرێژی كردبووه‌ سه‌ریان و هه‌روه‌ها سوودی مادیشیان لێ وه‌رگرتووه‌.

ئاسایشی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: ‎دوای وه‌رگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانمانەوە، تۆمەتبار (ر. ح. م) دەستگیر کرا بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری (سحر و جادوو)کردن.

ڕاشیگه‌یاند: لە کاتی لێکۆڵینەوەکان له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباره‌كه‌دا دەرکەوت کە چەندین ئافرەتی فریو داوە و دەستدرێژی کردۆتە سەریان و بۆ مەرامی خۆی به كاريانی هێناوە و هه‌روه‌ها سوودی ماديشیانی لێ وەرگرتووه‌.

‎هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند: بە بریاری دادوەر پشکنین بۆ ماڵەی تۆمه‌تباره‌كه‌ کرا و لە ماڵەکەیدا دەستمان بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی جۆراوجۆر و ئەندامی لاشەی ئاژەڵی کێویدا گرت کە بەکاری هێناوە بۆ سحر و جادووکردن.

‎ئاسایشی هه‌ولێر داواشی بە تایبەت لە ئافرەتان كرد کە خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە کەسانە و پەنایان بۆ نەبەن و باوەڕیان پێ نەکەن، چونکە ئەم جۆرە کەسانە دەبنە مایەی کێشە و هەڕەشە ‎بۆ سەر خۆیان و خانەوادەکەشیان.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هەر کەسێک سکاڵای یاسای لەسەر ئه‌م تۆمه‌تباره‌ هەیە، بە ڕێگه‌ی دادگه‌ دەتوانێ سکاڵای لەسەر تۆمار بکات