دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای مەڵاتیای باکووری کوردستان روویدا

سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی توركیا (AFAD) رایگەیاند دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 5.2 و 4.7 پلەی رێختەر پارێزگای مەڵاتیای باکووری کوردستانی هەژاند.

رۆژی پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) ئافاد بڵاویکردووەتەوە، جیاوازی نێوان هەردوو بوومەلەرزەکە تەنیا سێ خولەک بووە و لە ناوەندی پارێزگای مەڵاتیا و شارۆچکەکانی دەوروبەری هەستی پێکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئێرسین یازیجی، پارێزگاری مەڵاتیا رایگەیاندووە، ناوەندی بوومەلەرزەکان لە ناوچەی بەتەڵغازی سەر با پارێزگای مەڵاتیا بووە، بوومەلەرزەی یەکەم کاتژمێر 17:46 روویداوە و لە کاتژمێر 17:49 بوومەلەرزەی دووەم روویداوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک تۆمارکرابێت.

هاوکات ئافاد جەختی کردووەتەوە، هیچ دۆخێکی نەخوازراو لەدوای هەردوو بوومەلەرزەکەی پارێزگای مەڵاتیا دروستنەبووە و ئەوان لە چاودێریکردن و رووپێوەی مەیدانی بەردەوام دەبن و تیمەکانیشتان بۆ هەموو حاڵەتێکی لەناکاو ئامادەن.

بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێخته‌ر تورکیا و باكووری كوردستان، هه‌روه‌ها سووریا و رۆژئاوای كوردستانی  ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێخته‌ر ھەستی پێکرا و بوومەلەرزەکان ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە.