پانێڵەکەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە چوارەمین كۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، کە تیایدا داوای رێگەیەکی نوێی کرد، کە چۆن کوردستانیان بتوانن لەگەڵ دراوسێکانیان بەیەکەوە بژین، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەوبارەوە ڤیتاڵی نائومکین، رۆژهەڵاتناس لە مۆسکۆ گوتی: “پرسی کورد پێویستە بە شێوەیەکی دیاریکراو چارەسەر بکرێت، بە تێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردەکانی تێیدا دەژین، چونکە کوردەکان بەش بەشکراون لەنێوان چوار دەوڵەتدا، لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەشدا مافەکانیان بە شێوەی جیاواز بەرجەستە دەبێت، لە عێراق هەرێمی سەربەخۆ و حکومەتی نیشتمانی خۆجێیی هەیە، لە وڵاتەکانی تردا ئەمە بوونی نییە، کوردەکانی مافی هاوڵاتیبوونیان هەیە، بەڵام مافێکی وایان نییە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە چوارچێوری بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێگەیان سەنگینتر بکات”.
ئاماژەی بەوەشدا: “پاش جەنگی یەکەمی جیهانی هەوڵدرا دەوڵەتێک بۆ کوردەکان دروستبکرێت، بەڵام بەداخەوە کوردەکان خۆیان بەش بەشن و یەکگرتوو نین، بە بڕوای من دروستبوونی دەوڵەتی کوردی پڕۆژەیەکە دەبێت کوردەکان بە رەزامەندی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژین بکرێت”.
زۆرێک لە دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێوەیەکی فەرمی داوای دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن، بەڵام کاتێک قسە دێتە سەر مافەکانی گەلی کورد، تێروانین و هەڵوێستیان جیاوازە، پسپۆڕێکی رووس دەڵێت، تەنیا بە یەکگرتوویی کورد مافەکان بەدەست دەهێندرێن.
ستانیسلاڤ ئیڤانۆڤ، ئەندامی ئەنجومەنی زانستی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا دەڵێت: “کوردەکان دەبێت لەمڕۆدا خەبات بۆ یەکسانی مافەکانیان بکەن لەو وڵاتەنای چارەنووس بۆی پێشهێناون، لەم روانگەیەوە هەرێمی کوردستان پێشڕەوە و ماف و ئازادی زیاتری بەدەستهێناوە، هەرێمی کوردستان نموویەکی باشی نیشانداوە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەموو پارچەکاندا، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ شۆڕشی چەکداری و کودەتا و توندوتیژی ببەن، بەڵکو لە رێگەی گەشەسەندن و دانوستانەوە لە تەک حکومەتی ناوەند”.
راشیگەیاند: “پشتبەستن بە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەم پرسە رەنگە شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نەبێت، بەڵکو یەکگرتوویی کورد ئەشێت دۆزی رەوای کورد بگەیەنێتە ئاکام، کوردەکان خۆیان و چیاکانیان پشتیوانن بۆ سازدانی دەوڵەت”.
رۆژی 21/11/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی لە پانێڵێکی تایبەتدا لە کۆڕبەندی مێپس، گوتی: “دەبێ كورد وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی مافی چاره‌ی خۆنووسینی هه‌بێت و وه‌كو وڵاتانی دیكه مافی سه‌ربه‌خۆیی هه‌بێت، ئێمه پێویستمان به گه‌ره‌نتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه، جارێكی دیكه و هیچ كات تاوانمان به‌رامبه‌ر ناكرێت وه‌كو كیمیارانكردن و كه‌مپه‌ینه‌كانی ئه‌نفال و ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ی له مێژوودا به‌رامبه‌ر به ئێمه كراوه، ئێمه به‌ر له هه‌ر شتێكی دیكه پێویستمان به گه‌ره‌نتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بیه‌وێت هاوكارمان بێت، ده‌بێت ئه‌و گه‌ره‌نتییه بداته ئێمه كه كورد جارێكی دیكه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكه‌وێته به‌رده‌م هێرش و بۆمبارانی كیمیایی و هه‌ر جۆره سڕینه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و جینۆسایدێك، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گوێمان لێی بێت”.
چوارەمین کۆڕبەندی مێپس لە 20/11/2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری زیاتر لە 300 کەسایەتی سیاسیی و ئەکادیمی و لە بوارە جیاوازەکان لە دهۆک دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام بوو، لە پانێڵەکانی کۆڕبەندەکە چەندین پێشنیاز بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە خرانەڕوو.