هەر بڕیارێک دژی کۆتاکان بدرێت کاریگەری خراپ دەخاتە سەر پێکەوەژیان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

سی و ھەشت حزبی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوانەی مۆڵەتیان ھەیە، بەشداریی لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: ئەو سکاڵایەی دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی تۆمارکراوە، مەبەستی سیاسی لەپشتە و ھەر بڕیارێک دژی کۆتاکان بدرێت، کاریگەری خراپ دەخاتەسەر پێکەوەژیان.

بڕیارە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژی ٢٥-٢-٢٠٢٤ دیاری کراوە.
ڕۆژی ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵیی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بەنادەستووری دانا و ڕایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکە، ھەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون واتە دوای ٦ـی ١١ـی ٢٠٢٢، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە ١٠ـی پەرلەمان.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: سی و ھەشت پارتی سیاسی بۆیان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەو حیزبانە بەشێکیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان مۆڵەتیان ھەیە و بەشێکی دیکەشیان بەپێی یاسای حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لەلایەن فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کراون.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: لەو سی و ھەشت حیزبە حەڤدەیان لە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ی ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ھەروەھا بیست و یەک حیزبیش بەپێی یاسای حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی عێراق ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠١٥ تۆمار کراون.
بەشێک لە لایەنە تورکمانییەکان داوای ئەوە دەکەن ھەڵبژاردن بە یاسای ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ـی پەرلەمانی کوردستان بکرێت کە ١١ کورسیی کۆتا تەرخان کرابوو و بەشێوەی یەک بازنەیی کرا. ئەگەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ساڵی ١٩٩٢ بکرێت، ئەم یاسایە کورسیی کۆتای تایبەت بە تورکمانی لەبەرچاو نەگرتووە، بۆیە ڕەنگە ئەو پێکھاتەیە لە بەدەستھێنانی کورسیی کۆتا بێبەش بێت.
بەگوتەی پێکھاتەکان، پێویستە دادگەی فیدراڵی دوور بێت لە کێشەی سیاسی و بڕیارەکانی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، بەڵام بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەو بڕیارانەی لە دادگەی فیدراڵی دەرچوون، لە بەرژەوەندیی لایەنەکان یان خەڵکی عێراق نەبوون، بەڵکو زیاتر سیاسی بوون و بۆ مەبەستی سیاسی بەکارھاتوون.
ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ڕایگەیاند: ھەبوونی نەتەوەی تورکمان گەورەتر لە بابەتی کۆتایە و لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان نەتەوەیەکی گرنگ و ڕەسەنە کە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی ھەیە و دەبێت مافە یاساییەکانی لەبەرچاوبگیرێن.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، گوتیشی: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە پێکەوەژیان و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت، چونکە کۆتا بە یاسا دیاریکراوە و ھەر گۆڕانێک تێیدا، پێویستە لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە بێت، بۆیە پێویست ناکات دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری کۆتا و پێکھاتەکاندا ھەبێت.