لە هەولێر، تابلۆی دوو هەزار و 389 شوێن بۆ زمانی کوردی گۆڕدراون

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی گۆڕینی تابلۆی شوێنە گشتی و تایبەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ زمانی کوردی، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەویەک لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “جێگەی خۆشحاڵییە، زۆرینەی شوێن و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر تابلۆکانیان بۆ زمانی کوردی گۆڕیوە. دەستخۆشی لە هاووڵاتییانیش دەکەین کە ئەوانیش بەشێکی گرنگ بوون لە سەرخستنی پڕۆسەکە و پێش ئەوەی پڕۆسەکە بگاتە قۆناغی سزادان، تابلۆکانیان گۆڕی”.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، “تەنها لە سەنتەری شاری هەولێر تاوەکو ئێستا تابلۆی دوو هەزار و 389 شوێن بۆ زمانی کوردی گۆڕدراوە. ئەم شوێنانە لە پڕۆسەکە ئاگادارکراونەتەوە و بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆریان پێگیربوون”.
لەبارەی ئەو شوێنانەی پێگیری بڕیارەکە نەبوون، پارێزگار گوتی: “ئەو شوێنانەی پێگیرنەبوون؛ لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە و پێبژاردنیان پێ کراوە. لەم چوارچێوەیەدا 397 شوێن داخراون، سزادراون و پێ بژاردنیان پێ کراوە”. دەشڵێت: “لێرەوە دەرفەتێکی دیکە بەو هاووڵاتییانە دەدەین بۆ ئەوەی خۆیان کارەکان ئەنجام بدەن و تابلۆکانیان چاک بکەن؛ ئەگە نا لە هەفتەی داهاتوو تیمەکان دەستکراوە دەبن بۆ ئەوەی رێکاری دیکە بەرامبەر ئەو شوێنانە بگرنەبەر، کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون؛ لەوانەش تەئمینات وەربگرن، شوێنەکان دابخرێن و خاوەکانیان سزا بدرێن”.