ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال:لە شنگال لیستی ١٩٧ی پارتی سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست دێنێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، دەڵێت: خەڵک بڕوای تەواوی بە پارتی ھەیە و پێشوازییەکی گەورەش لە کاندیدانی پارتی کراوە، چونکە دەزانن لە ڕێگەی ئەم پارتەوە خزمەتگوزاری دەگاتە ھەموو شوێنێک. دەشڵێ: ئێستە ئێزدییەکان زیاتر لە ھەموو کاتێک پێویستییان بە ھاوکاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیانە، بۆیە پارتی دەیەوێت مافە زەوتکراوەکانی ئێزدییەکان بەدەست بھێنێت، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر گروپە چەکدارەکان لە شنگال نەبووانە ئێستە بارودۆخی شارەکە بەشێوەیەکی دیکە دەبوو.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە ١٩٧ لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی بە بانگەشە کردووە و کاندیدانی پارتی لە سنووری شنگال و زوممار بەردەوام لەناو خەڵکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بەرنامە و پەیامی پارتی بۆ ھەڵبژاردن بە جەماوەری ناوچەکە بناسێنن، ھەروەھا لەو ناوچانەی لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتی عێراقن، سەرەڕای ڕێگرییەکان کاندیدانی پارتی دەچنە نێو خەڵکەوە.
زۆربەی ناوچە ئێزدینشینەکان دەکەونە ناوچە کێشەلەسەرەکان و ئەم ناوچانەش زۆر پەراوێز خراون لە ھەموو ڕوویەکی خزمەتگوزارییەوە، کاندیدانی پارتی دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ خزمەت بەم ناوچە ئێزدینشینانە بکەن.
ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، دەڵێت: لیستی ١٩٧ی پارتی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنێت، چونکە پارتی خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بە ھێزی یەکەم بمێنێتەوە و جەماوەری سنوورەکەش پاڵپشتی لیستی ١٩٧ی پارتی و کاندیدانی دەکەن، ئێمە ڕۆژانە لەنێو خەڵکداین بۆ بانگەشە و پێشوازییەکی زۆر باش لە لیستی پارتی دەکرێت.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، زیاتر دەڵێ: وەکو لقی شنگال ٢١ کاندیدمان ھەنە، کە چوار لەو کاندیدانە لە زوممارن، ھەتا ئێستە ھیچ کێشەیەک بۆ کاندیدانی ئێمە دروست نەبووە، وەکو لقی ١٧ی شنگال ئامادەکاری باشمان کردووە خەڵکی ئێمە زۆربەی لەناو کەمپەکاندا دەژین، کە ١٤ کەمپ دەبن، ئێمەش وەکو لق زیاتر لەناو کەمپەکان بانگەشە دەکەین، کادیران و کاندیدانی ئێمە ڕۆژانە کاری خۆیان دەکەن، تا ئێستە وەکو لق ھیچ شتێک لە سەرکردایەتی پارتی بۆ ئێمە نەھاتووە کە بچینەوە شنگال، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کاندیدانی ئێمە ڕۆژانە لەناو شنگال دەگەڕێن و بانگەشە دەکەن و ھیچ کێشەیەک نییە، ھەموو دەنگدەرانی سنوورەکە خۆیان بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن ئامادەکردووە و بەشداریەکی کارایان دەبێت لە ڕۆژی ١٨ی مانگی داھاتوو بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
زۆزانی، ئاشکراشی کرد: کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەھێزن و لە ھەموو بوارەکانی ژیان شارەزای باشیان ھەیە و لەسەر ڕێنمایی سەرۆک بارزانی کار بۆ پێکەوەژیان و یەکتر قەبووڵکردن دەکەین.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، ڕوونیشیکردەوە: خەڵکی شنگال دەزانن تەنیا پارتی سەروەرە، پارتی خاوەنی شنگالە، پارتی بوو پشتگیریی لە خەڵکی شنگال کرد، سەرۆک بارزانی تا شنگالی ئازاد نەکرد لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ نەگەڕایەوە، لەناو کەمپەکان زیاتر لە ھەشت ساڵە خزمەتی خەڵکی ناوچەکە دەکات، ھەر لەبەر ئەوەشە خەڵکی شنگال پارتی بە خاوەنی خۆی دەزانێت، ئێستە ئێزدییەکان زیاتر لە ھەموو کاتێک پێویستییان بە ھاوکاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیانە، بۆیە پارتی دەیەوێت مافە زەوتکراوەکانی ئێزدییەکان بەدەست بھێنێت.
ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، زیاتر دەڵێ: ئەگەر گروپە چەکدارەکان لە شنگال نەبووانە ئێستە بارودۆخی شارەکە بەشێوەیەکی دیکە دەبوو، ئێستە ئاوەدان دەبوویەوە و خەڵکی ناو کەمپەکان ھەموو دەگەڕانەوە، بەڵام تا گروپە چەکدارەکان لە شارەکە بن، نە خەڵکی ناوچەکە دەگەڕێتەوە و نە ئارامیی و ئاسایش بۆ شارەکە دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەش پارتی لە شنگال بێت یاخود نا، خۆی بە خاوەنی شارەکە دەزانێت و بەردەوام کاری کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شارەکە، کاری بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ شارەکە کردووە، بەڵام ئەگەر پارتی لە شنگال بووایە ئێستە بارودۆخەکە بەشێوەیەکی دیکە دەبوو.