لە فیستیڤاڵیکدا بە چەند کار و چالاکییەک یادی ٢٣٩ ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی دەکرێتەوە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

٢٣٩ ساڵ لەمەوبەر و لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لە سەردەستی ئیبراهیم پاشای بابان شاری سلێمانی دامەزرا کە بەناوی (سلێمان) پاشای باوکییەوە ناوی ناوە و ئەوکاتە بووەتە پایتەختی میرنشینی بابان و ئێستاش بە پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان ناسراوە چونکە لە کۆنەوە تا ئێستا چەندین بیرمەند و ڕۆشنبیری گەورەی تیا هەڵکەوتووە و بەشە دیالێکتی سۆرانیش هەر لەو ناوچەیەوە پەرەیسەندووە کە ئێستا بووەتە زمانی خوێندن و نوسین لە ناوچەکانی تری کوردستانیش.
لە یادی دامەزراندنی شارەکەدا، ڤیستیڤاڵێکی شایستە لەژێر ناونیشانی (سلێمانی لە قوڵایی مێژووەوە بۆ لوتکەی داهێنان) بۆ ئەو یادە سازکرا کە چەندین چالاکی جۆراوجۆری لە خۆگرتبوو وەک كردنەوەی پێشانگای شێوەكاری و ئەنجامدانی كۆنسێرتی گۆرانی و میوزیكی ڕەسەنی كوردی بە بەشداری چەند هونەرمەندێکی دیاری شارەکە هەروەها نمایشكردنی فیلمێكی دۆکیومێنتاری لە بارەی ئەدەب لە شاری سلێمانی.
هاوکات نماییشکردنی تابلۆیەكی هەڵپەڕكێی كوردیی و لە كۆتایی یادەكەشدا خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر چەند كەسایەتییەكی هونەریی و ئەدەبی سلێمانی دابەشکرا، كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەو دوو بوارەدا.
ئەمانە جگە لە ئەنجامدانی چەندین چالاکی جۆراو جۆر لە شوێنە جیاوازەکانی شارەکەدا وەک پێشانگەی خواردن و پێشانگەی کتێب و نیشاندانی کەلەپوری کۆن و ڕەسەنی کوردی و جلوبەرگی کوردی لە باخی گشتی شار ونماییشکردنی یارییە ئاگرینەکان و چەندین چالاکی تر.
هاوکات لە یادی دامەزراندنی شارەکەدا، چەند پرۆژەیەک بۆ سەوزکردنی شارەکە ڕاگەیەنران؛(لەیلا عومەر) سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە :”چالاکییەکانیان بۆ ئەو ڕۆژە بریتیبوون لە چەند پڕۆژەیەکی سەوزایی بۆ سەوز کردنی شارەکە، ئاماژەشی بەوەکرد کە بڕیارە کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان بەڕێوە بچێت کە بریتین لە ڕواندنی ٢٣٩ نەمام لە بازنەیی مەلیک مەحمود، لەگەڵ ٧٠ نەمامی دیکە لە سەرچنار.