چه‌ند ڕۆژێکی دیکە پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من له‌ هه‌ولێر ته‌واو ده‌بێت

چواس خالید – هەولێر

وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’ ی له‌ شاری كۆیه‌ به‌سه‌ر كردەوە‌ و ڕایگه‌یاند، له‌ چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێر به‌ پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’ ه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ و سه‌ره‌تای مانگی ئاینده‌ش، ده‌ست به‌ تۆماركردنی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی و دهۆك ده‌كرێت.

٢ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٣، له‌ په‌راوێزی به‌دواداچوونی پڕۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ‘هه‌ژماری من’ له‌ شاری كۆیه‌، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’، بڕیارێكی بوێرانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ گرفتی نه‌ختینه‌ و وه‌رگرتنی مووچه‌ چاره‌ ده‌كات، له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ هاووڵاتیان ده‌توانن سوود له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی بانكیی وه‌ك قه‌رز وه‌ربگرن، ئومێدیشمان هه‌یه‌ دوای ماوه‌یه‌ك قه‌رزی مووچه‌خۆرانیش چاره‌ بكات.
ئاوات شێخ جه‌ناب گوتی: “پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’، ڕاسته‌خۆ له‌ژێر چاودێری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌ له‌ هه‌موو پارێزگای هه‌ولێر تاواو ده‌بێت و سه‌ره‌تای مانگی ئاینده‌ش له‌ پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك ده‌ستپێده‌كات، كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ئاینده‌دا ناوی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌ پڕۆژه‌كه‌ تۆمار ده‌كرێت”.
وه‌زیری دارایی و ئابووری هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، هاووڵاتیان ده‌توانن له‌ ڕێگه‌ی ڤیزه‌ كارته‌كانیانه‌وه‌، هه‌م مووچه‌كانیان وه‌ربگرن و هه‌میش ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌كارته‌كه‌یدا هه‌یه‌، خه‌رجی بكه‌ن، جیا له‌ ناوخۆ، ده‌توانن له‌ هه‌موو جیهان پاره‌كانیان خه‌رج بكه‌ن.
به‌ گوته‌ی وه‌زیری دارایی و ئابووری، پڕۆژه‌كه‌ پشت به‌ پێنج بانك ده‌به‌ستێت، له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندی عێراق متمانه‌یان پێدراوه‌.
له‌ باره‌ی مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ٢٠٢٣ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، ئاوات شێخ جه‌ناب گوتی: “حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دواین پێداچوونه‌وه‌ی خه‌رجی و داهاته‌كانی ناردووه‌ به‌غداد و تیمیشمان ئاماده‌یه‌ بۆ دانوستاندن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌یه‌ بچێته‌وه‌ به‌غداد، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوورییه‌ جێبه‌جێكراوه‌ و هیچ گرفتێك لای ئێمه‌ نه‌ماوه‌ و چاوه‌ڕێی به‌غدادین، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیشه‌وه‌ پێمان گه‌یشتووه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌ بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غداد و هه‌ولێر”.
له‌ ٧ی ئاداری ٢٠٢٣، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاوی تاقیكاری له‌ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوون و ئافره‌تانی هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’ی ڕاگه‌یاند، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی هه‌شت سه‌د و په‌نجا مووچه‌خۆری ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ مووچه‌كانیان به‌شێوه‌ی پارێزراو و شه‌فاف له‌ ڕێگه‌ی ئامێری پاره‌ڕاكێشان و كارتی بانكییه‌وه‌ وه‌رگرت.
پڕۆژه‌ی ‘هه‌ژماری من’ كه‌ سووده‌كانی یه‌ك و دوو نین و زۆرێك له‌ ئه‌رك و هاتوچۆكان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی گوته‌ی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تا دوو ساڵی دی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له‌و سیسته‌مه‌دا تۆمار ده‌كرێن و ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ قۆناغێكی دیكه‌ی پێشكه‌وتنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌می بانكییه‌وه‌.