بەریتانیا لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

ئەمڕۆ 22ی تشرینی دووەمی 2023، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محمد صدیق ئەمینداری گشتی، لەدیوانی وەزارەت پێشوازییان لە ماڕشاڵ سامی سامپسۆن گەورە ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگری شانشینی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا و شاندێکی یاوەریکرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکارانی باڵای وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی بوودجە و بەرنامەکان، ژمێریاری سەربازی و بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و ئامادەیبوون، پرسی چاکسازی و خێراکردنی ڕێکارەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئالنگاری و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی چاکسازی  خرایە بەرباس، هاوکات بارودۆخی هەنووکەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دۆخی ئەمنی و سەربازی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی پێشمەرگە لەشەری دژی داعش بەشێکی گفتوگۆکانی ناو ئەم دیدارە بوون.
لە تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە، ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی بەریتانیا لە هاوپەیمانیەتی نێوودەوڵەتی کرایەوە، تیشک خرایە سەر بەردەوامبوونی ئەرکەکانی ڕاوێژکارانی سەربازی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەپرسی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژدان بەهێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیکردن لەرووی لۆجستیەوە.
ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە رایانگەیاند: لێکەوتە و دەرهاوێشتەکانی شەری دژی داعش بوونە پاڵنەری بنچینەیی بۆ دانانی پلانێکی گشتگیر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزە جیاوازەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەت دا، هاوکات ستافی باڵای وەزارەت تیشکیان خستە سەر  جێبەجێکردنی بەرنامەو پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رایانگەیاند: پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بە ئامانجی بنیادنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی و پابەندبوونی وەزارەتیشیان دووپاتکردەوە لە هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکخستنەوەو یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
 گەورە ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگری شانشینی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا ماڕشاڵ سامی سامپسۆن دووپاتی لە بەردەوامبوونی پشتگیری بەریتانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە بەتایبەت لەمەر پرۆژە یاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و راشیگەیاند: هێزی پێشمەرگە شان بەشانی ئێمە شەری بەدەست هێنانی ئاشتی و ئاسایشی لەناوچەکە کردوە بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە هاوبەشیکردن و پشتگیریکردن لە پرۆسەی چاکسازی لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبین.