سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مارشاڵ سامی سامپسۆن كۆبووەوە

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/11/22 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مارشاڵ سامی سامپسۆن گەورە ڕاوێژكاری بەرگریی بەریتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریكا و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكان و ئەگەر و لێكەوتەكانی شەڕیان لە غەززە تاوتوێ كرد. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە تەشەنەسەندنی دۆخەكە مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەكە دروست دەكات‌، بۆیە پێوستە عێراق بە هەموو شێوەیەك خۆی لە شەڕ بەدوور بگرێت، چونكە شەڕ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات و تەنیا ئاشتی چارەسەرە.
دەربارەی دۆخی سیاسیی عێراقیش هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق بپارێزرێت و هەموو لایەك دەبێ بەرپرسیارانە ڕەفتار بكەن و جەختیان لە پێویستیی پاراستنی هێزەكانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماتییەكان لە هەر جۆرە هەڕەشەیەك لە عێراق كردەوە.
لە تەوەر‌ێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون كە تیرۆر هێشتا مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ئەمنی عێراق دەكات، بۆیە عێراق و هەرێمی كوردستان هێشتا پێویستییان بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ لەناوبردنی یەكجارەكیی داعش. لەمبارەیەوە سامپسۆن بەردەوامیی پابەندیی بەریتانیای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە هەردوولا دوایین كۆبوونەوە و دیدارەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان بە پێشهاتێكی ئەرێنی هەڵسەنگاند.