ئەمساڵ لە هەولێر و دهۆک دوازدە هێندەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو باران باریوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوو مانگ لە وەرزی پاییز تێپەڕی کە دەستپێکی وەرزی بارانە و بە پێی دواین ئامار کە لە لایەن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، ئەو بارانەی باریوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زۆر زیاترە و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەام بێت ئەوا کوردستان ساڵێکی پڕبارانی دەبێت. بەپێی ئامارەکە، لە هەولێر و دهۆک دوازدە هێندە و لە سلێمانی دوو هێندە، لە کەرکووک، شەش هێندە و لە هەڵەبجەش سێ هێندەی پار باران باریوە.

وەک لە ئامارەکەدا خراوەتەڕوو، كۆی گشتیی بارانی ئه‌مساڵی هەولێر تا ٢١ی تشرینی دووەم گەیشتووەتە زیاتر لە سەد و چل و چوار ملم و یەکێک بووە لەو شوێنانەی کوردستان کە بارانێکی زۆری لێ باریوە.
ئەو قەبارەیەی بارانی هەولێر لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکان لە وەرزی ساڵی ڕابردووی باران تا ٢١ی تشرینی دووەم یازدە ملم و نیو باریبوو، ئەمەش دەری دەخات کە لە هەولێر دوازدە هێندەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، باران باریوە. قەبارەکە زۆر گونجاوە و هەندێک ساڵ کۆی قەبارەی بارانی ساڵێکی هەولێر کەمتر لە سێ هێندەی ئەو بڕە بووە لەو ماوە کورتەدا تۆمار کراوە.

لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستانیش برێکی گونجاوی باران باریوە. لە سلێمانی بڕەکەی بریتی بووە لە سەرووی حەفتا و نۆ ملم و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو هێندەیە. ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتە لە سلێمانی چل و سێ ملم باریبوو.
دهۆک لە دوای هەولێر زۆرترین بارانی لێ باریوە و قەبارەی بارانەکەی لەو دوو مانگەی وەرزی پاییز گەیشتووەتە سەرووی سەد و بیست و یەک ملم، لە کاتێکدا لە وه‌رزی ڕابردوودا تا ئه‌م كاته کەمێک زیاتر لە دە ملمی لێ باریبوو. بەو پێیە بارانی ئەمساڵ لە دهۆک دوازدە هێندەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردووە.

بە خۆشییەوە شەپۆلی ئەم دواییانەی باران ناوچەی گەرمیان و کەرکووکیشی تێراو کرد و وایکرد قەبارەی بارانی کەرکووک لەم دوو مانگەدا بگاتە سەرووی شەست ملم لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنیا دە ملم باریبوو و ئامارەکانیش دەری دەخەن ژمارەکە شەش هێندە بەرز بووەتەوە.
له هه‌ڵه‌بجه‌ تا ٢١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ و دوای تێپەڕینی دوو مانگ لە پایز کە سەرەتای وەرزی بارانە زیاتر لە سەد ملم باران باریوە لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو تا ئەم کاتانە نزیکەی سی و سێ ملم باریبوو. بەوپێیە لە هەڵەبجەش بارانی ئەمساڵ سێ هێندەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردووە.
ئەوەی کاریگەرییەکی زۆری بۆ سەر بەرزکردنەوەی بڕی بارانی ئەمساڵ هەبووە، ئەو شەپۆلە بارانە بوو کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە هەموو کوردستانی گرتەوە و لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە زۆرترین باران لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان باری. بەشێوەیەک تەنیا لە ڕۆژی یەکەمدا لە هەولێر شەست ملم باری و هەر ئەوەش وای کرد ئاو لە چەندان گەڕەک و بەشێکی زۆر لە شەقامەکان پەنگبخواتەوە و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست بکات و تەنانەت لە هەندێک شوێن زیان بە خەڵک بگەیەنێت.
یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکان کە بەرۆکی زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتووە و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نەبووە لەو کاریگەرییانە، دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، ماوەی چەند ساڵێکە باران کەم بووەتەوە و لە هەندێک ناوچە دیاردەی بەبیابانبوون زیادی کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک پۆند و بەنداوی بچووکی دروست کردووە کە ئاوی باران گل دەدەنەوە و لە بارانی ئەم دواییانەدا هەر لە سەرەتای وەرزی باران بەشێکیان پڕ بوون کە دەکرێ لە وەرزی گەرمادا سوودیان لێ وەرگیرێت و تەنانەت ببنە هۆی بەرزکردنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
دروستکردنی بەنداوی زیاتر و بایەخدان بە گلدانەوەی ئاو دەتوانێت لە کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا کەم بکاتەوە و بە ئومێدی ئەوە باران وەک چەند مانگی ڕابردوو بەردەوام بێت چونکە سوودی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ماسی و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان دەبێت.