مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس: هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ کردووە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) دیدارێکی تایبەتی هەبوو، تێیدا سەرنجی خستەسەر نوێترین پێشهاتەکانی کوردستان وعێراق و جیهان.

رۆژی سێشەممە (21ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێیەم رۆژی دووەمی چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) لەگەڵ مەریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC، دیدارێکی تایبەتی هەبوو.

بەشێک لە گوتەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمیانی دیدارەکەدا:

– دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی حەماس – ئیسرائیل

مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکو گەلێک زۆر شەڕمان بینیوە و دەزانین چەند خراپ و وێرانکەرە. با لەوە دەستپێبکەم کە ئێمە دژی شەڕین و نابێت بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت. 

ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بکەین. ئەو خەڵکەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆکتۆبەر؟ پێم وابێت وەڵامەکەی زۆر روونە. خەڵکی سڤیل و بێ تاوان باجێکی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەرکۆنەی شەڕەکە و هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل دەکەین. پێمانوایە دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەک کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

زۆر ناخۆش و جێگەی خەمبارییە کە دەبینین ململانێیەکی دەیان ساڵە پشتگوێخراوە، هەتا کاتێک کە بووە شەڕی رووبەڕوو، بۆیە ئێمە وەکو ئەوەی دوێنێش لە گوتەکەمدا باسم کرد، دەبێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە پێش ئەوەی بگەنە رووبەڕووی سەربازی. کە شەڕ دەستیپێکرد نازانیت کەی کۆتایی دێت، بەڵام یەک شت بەدڵنیاییەوە دەزانین کە قوربانییەکان خەڵکی سڤیل و بێ تاوانن. دەبێت خەڵکی سڤیل بپارێزرێت و هەموومان نیگەرانین لە فراوانبوونی شەڕەکە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکەدا. هیوادارین کۆتایی شەڕەکە ببینین و چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم ململانێیە بێتە دی.

– هەڵوێستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕی غەززە

مەسرور بارزانی: پێموایە باشترین شت عێراق دەتوانێت بیکات، ئەوەیە کە خۆی دووربخاتەوە لەم ململانێیە. عێراق بەشی خۆی کێشەی هەیە، ئەگەر رێگەیەک هەبێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت، ئەمە شتێکی باشە. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە لە رێگەی دەزگای خێرخوازییەوە هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە ئەو خەڵکەی پێویستییان پێیەتی، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ دەرفەتێک نەبووە ئەم هاوکارییانە بگەن.

ئەوانەی دەسەڵاتییان هەیە لەوێ، نەیانتوانیوە ئەو دەروازەیە بکەنەوە و دەرفەتیان نەداوە هاوکارییە مرۆییەکانمان بگەیەنینە ئەوێ، بۆیە عێراق دەتوانێت نێوەندگیری بکات و بە شێوەی ئاشتی دەتوانێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێت، کە ئەمە شتێکی زۆر باش دەبێت، بەڵام پێموانییە دروشم هاوکاری ئەو خەڵکە بێت، کە پێویستی بە دەرمان و خۆراک و ئاسایشە. دروشم هیچ سوودی نییە، بۆیە باشترین شت کە عێراق دەتوانێت بیکات، گەیاندنی هاوکارییە بۆ ئەو خەڵکەی پێویستیی پێیەتی.

– دوورخرانەوەی محەممەد حەلبووسی

مەسرور بارزانی: پێموابێت کاتی (دوورخرانەوەی حەلبووسی) هەڵەبوو. من باسی بڕیارەکە ناکەم، بەڵام کاتەکە باش نەبوو بۆ عێراق، چونکە زۆر کێشەی جیاوازمان هەیە. ئێستا هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ئەم قەیرانە بووەتەوە و کێشەی دیکەمان هەیە کە دەبێت چارەسەریان بکەین. ئەمە قەیران و کێشەیەکی نەخوازراو بوو و نەدەبوو رووبدات.

ئەگەر رێگەیەک هەبووایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دەبووایە بە شێوازی جیاواز ئەم کێشەیە چارەسەرکرابایە. دەبووایە پەرلەمان ئاگادارکرابایەوە و دەبووایە پەرلەمان خۆی بڕیارەکە بدات، بەڵام دادگایەکت هەبێت لە سەرووی هەموویانەوە بڕیاری تاک لایەنانە بدات، بەبێ بیرکردنەوە لە دەرئەنجامەکەی کە دەبێت چۆن بێت. دۆخەکە بە گشتی لە عێراق هاوکار نییە. جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، ئەمە کێشەیەکە جارێکی دیکە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پەرەنسیپە سەرەکییەکانی هاوبەشی لە عێراقدا. عێراق چەند پێکهاتەیەکی تێدایە، سووننە یەکێکن لەو پێکهاتانە و دەبێت رێز لەوان و لە نوێنەرەکانیشیان بگیرێت. ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک بکرێت، دەبێت قبووڵکراو بێت لەلایەن حکومەت و ئەو پێکهاتەش.

– هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان 

مەسرور بارزانی: کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەو ململانێیە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت، بەهۆی ئەوەی وەکو پێویست دەستوور جێبەجێ نەکراوە و رێزی لێ نەگیراوە سەریهەڵداوە. کوردستان چەند مافێکی هەیە لەنێو دەستووردا کە بەداخەوە پشتگوێ خراون. ئەم مافانە، مافی دەرهێنان، بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتە. بەداخەوە ئەم چەند ساڵە کێشە و ململانێ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبووە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە زۆر روونە، ئایا ئێمە وڵاتێکی فیدراڵین یان بەغدا وڵاتێکی مەرکەزییە؟ ئەمە کێشە سەرەکییەکەیە. ئێمە پێمانوایە پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان دابەشبکرێن و دەسەڵاتەکان بدرێنە ناوچەکان وەکو ئەوەی لە دەستووردا باس کراوە، بەداخەوە عەقلییەتێک لەلایەن بەشێکی بەرپرسانی بەغدا هەیە کە قۆڕخکارە و دەیەوێت هەموو شتێک لەلایەن ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت؛ ئەمە جیاوازییە سەرەکییەکەیە، ئەگەر تۆ وردی بکەی و سەیری کێشەی نەوتیش بکەی، دەبینین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە دەستووری عێراقدا جێبەجێ کردووە، بەڵام هیچ کاتێک مافی خۆمان وەکو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی پێ دراوە، وەرمان نەگرتووە. کوردستان پابەندە بە دەستوور و ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کارمان کردووە لەسەر بابەتی نەوت و پرەنسیپەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتنی، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو پشتیوانییەی لە حکومەتی فیدراڵییەوە پێویستیمان پێیەتی، وەرمان نەگرتووە.

ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا نێودوڵەتییەکانی بواری نەوت هەیە. ئەم گرێبەستانە یاسایی و بەرکارن؛ بەدڵناییەوە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێز لەم گرێبەستانە دەگرین، بەڵام تێچوو هەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت. کۆمپانیاکان وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام لە بەغدا وانییە و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شێوازی گرێبەستەکان جیاوازن.

لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەغدا باسی نرخێک دەکات کە واقیعی نییە؛ شەش دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان داناوە. بۆ نموونە لە کێڵگەی نەوتی گەیارە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت 34 دۆلارە، دەکرێت لە کێڵگەیەکی دیکەی نەوت 6 دۆلار بێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە. ئێمە کە پێیان دەڵێین، دەڵێن ئەمە تێکراکەیەتی، چونکە لە بەشێکی دیکەی وڵات یەک دوو دۆلاری تێدەچێت، راستە بەغداش راست دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک بەغدا پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی ئەم بەرمیلە نەوتانە دەدات بۆ هەر بیرە نەوتێک، بۆ هەر کۆمپانیایەک شەش دۆلاریان دەداتێ یان 34 دۆلار لێرە، یان دۆلارێک لەولا.

بەداخەوە تاوەکو ئێستا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دیارینەکردووە و نازانن چەندە، بۆیە لەم حاڵەتەدا، زۆر گرنگە و ئەمە گفتوگۆیەکە لەگەڵ بەغدا کردوومانە لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەم رێککەوتنانەیە کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کردوویەتی. ئەمە مافێکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی و ئێمە بەهیچ شێوەیەک واز لەم مافە ناهێنین، بۆیە ئێمە لەگەڵ حکومەت لە بەغدا قسەمان کردووە، دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کاربکەین بزانین کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە، کاتێک ئەمە تەواو بوو، ئەو کاتە هەناردەکردنەوەی نەوت ئاسان دەبێت، چونکە بەبێ بەرهەم تۆ هەناردەت نابێت. بۆیە من چاوم لە بەرهەمهێنانە، کاتێ بەرهەمهێنانمان هەبوو، دەچینە قۆناغی داهاتوو ئەویش هەناردەی نەوتە لە رێگەی تورکیاوە.

– سەردانی شاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر

ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئامادەین (بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان)، بەڵام ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی بەغدایە. ئایە ئەوان تێچووی بەرهەمهێانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەدەن؟ ئەگەر توانییان، ئەوان دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن. ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانمان دەکەین، هەروەها بە دڵنیاییەوە بەرگریی لەو کۆمپانیایانە دەکەین کە متمانەیان پێ کردووین. کاتێک ئەم رێککەوتنانە رێزیان لێ گیرا و حکومەتی فیدراڵی پارەی کۆمپانیاکانی دا، بەدڵنیاییەوە نەوت هەیە بۆ هەناردەکردن.

ئێمە شاندمان هەیە سەردانی بەغدای کردووە و هەفتەی رابردووش شاند هەبووە لە بەغداوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەبووە. چەند جار قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیران هەیە، ئەویش تێگەییشتنی باشی هەیە، وەزارەتیش تێگەیشتنی باشی هەیە، بۆیە هیوادارم، بۆیە هیوادام بگەینە رێککەوتنێک و دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکەینەوە.

ژێرخانی ئابووری

بەداخەوە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان پشتی بە پارەی کاش بەستووە. ئابوورییەک پشت بە پارەی کاش بەستبێت، سنووردارە و تۆ ناتوانی زۆر پەرەی پێ بدەی و ئەو سیستەمانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان بوون بەداخەوە زۆر سەرکەوتوو نەبوون و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەبوون. ئەوەی کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمان داوە ئەنجامی بدەین، ئەوە بووە کە ژێرخانێک دابنێین پێویست بێت بۆ هاووڵاتی، چونکە لە کابینەی مندا هاووڵاتی سەنتەری حکومەتەکەی منە و هەموو خزمەتگوزارییەک دابین دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی کە هاووڵاتییانمان زۆترین سوودی لێ دەبینن، بۆیە دەبێت ئەم خزمەتگوزارییە بانکییانە بۆ هاووڵاتییان بەردەست بن.   

پێویستە حکومەت پاڵپشتی لە بانکەکان بکات و مافەکانیان بپارێزێت. پێویستە سیستەمی بانکی بەردەوام گەشە بکات. ئێستا ئێمە پڕۆسەیکمان دەستپێکردووە پێی دەڵێن “هەژماری من”. مەبەستمانە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 زیاتر نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەری حکومەت بێنە نێو ئەم سیستەمەوە و تۆماربکرێن. ئەم مانگە پڕۆسەکە لە دهۆک و سلێمانیش دەستپێدەکات. هەموو فەرمانبەرێکی حکومەت دەخەینەوە نێو ئەم پڕۆگرامەوە و کەرتی تایبەتیش بە کارکردن لەگەڵ بانکەکان دێتە نێو ئەم پڕۆگرامەوە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە هەر بانکێک لەنێو ئەم پڕۆگرامە بەشدارییان کردووە، زۆر بە خێرایی دەبنە گەورەترین بانک لەم وڵاتە و قازانجی زۆر دەکەن. بانک و هاووڵاتییان سوود دەبینن و بە دڵنیاییەوە ئێمەش ژێرخانێکمان دەبێت.

ئێمە تاوەکو ئێستا 1000 ئەی تی ئێممان لە هەرێمی کوردستان داناوە و 40 هەزار شوێنمان داناوە بۆ پێدانی پارە. خەڵکیش کە لە دەرەوە دێن دەتوانن سوودی لێ ببینن و کرێدت کارتەکانیان بەکاربهێنن نەک کاش هەڵبگرن. دەمانەوێت ئابووری خۆمان ببەینە قۆناغێکی باشترەوە و زۆر گەشبینم.

رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

بەرنامەی من رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە و چەندین جار باسی ئەم چەندەم کردووە. پێویستە تۆ سیستەمێکت هەبێت کە خەڵکی گەندەڵ نەتوانێت سوودی لێ ببینێت. کاتێک هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە دیجیتاڵ دەکرێن، هەموو شتێک شەفاف دەبێت و ئەو کاتە زۆر زەحمەت دەبێت بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی بتوانن گەندەڵی ئەنجام بدەن. دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگەش هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لەبارەی ئەم بابەتە.

گەندەڵی تەنها ئەوە نییە خەڵک فێڵت لێ بکات و پارە ببات، بەڵکوو بەفیرۆدانی کات گەندەڵییە. کاتێک فەرمانبەرێکی حکومی پارەی پێ درا بۆ ئەوەی خزمەت بکات، بەڵام دانیشتووە و هیچ ناکات، ئەمەش گەندەڵییە. بۆیە هەر لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە دەستمان کردووە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام ئەمە پڕۆسەیەکە کاتی دەوێت تا دەرئەنجامەکەی دەردەکەوێت و پێموابێت لەسەر رێگە راستەکەین.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمئاوی

ئێمە نیگەرانین، ئەمە تەنها بەهۆی کەمئاوییەوە نییە، بەدڵنیاییەوە ئاو فاکتەری سەرەکییە، پێم وابێت ئەو پانێڵەی بەیانیش باسی ئەوەیان کرد، کە چەند رووبارەکان کەمیان کردووە، ئاو لە تارانیش کەمیکردووە، لەژێر زەوی کەمی کردووە، سوپاس بۆ خوا بارانێکمان هەبوو لە دوورۆژی رابردوو، دەبێت نزا بکەین بارانی زیاتر ببارێت، پلانمان هەیە بەنداوی گەورە دروست بکەین.

بۆ ئەوەی کە ئاو رابگرین و بتوانین بە شێوەیەکی باشتر سوودی لێ وەرگرین، واتە ئیدارەدانی سەرچاوە ئاوییەکان یەکێکە لە پلانەکانی ئێمە، کە کاری لەسەرەکەین، ئەم بەیانییە گوێم لەوە بوو، باسی گاز کرا، کە گاز لە بیرە نەوتەکان دێتە دەرەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەو کارەمان کردووە، ئێمە گازمان کردووەتە کارەبا، لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، دەبێت هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوەت، ئەو گازەی کە دێتە دەرەوە جارێکی دیکە بیخەنەوە ژێر خاک، ئەمە تەنها کاری ئێمە نیە بەراستی، ئەمە بەرپرسیارەتییەکی گشتگیرە لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە، ئێمە بینیمانە کە خەڵکی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ئاوارە دەبن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، ئەم کۆچی بە کۆمەڵە ئەکرێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ئەوروپا بکرێت، بۆیە ئەگەر ئەم کۆچی بەکۆمەڵە قبوڵ نەکراوە، دەبێت شتێک بکەین، بژاردەی دیکەمان لەبەردەستە، بەرپرسیارەتی دارایی هەیە کە دەبێت هەرکەسێک ئەم بەرپرسیارەتییە قبوڵ بکات.