وەزیری پێشووی گەنجینەی بەریتانیا لە مێپس: پێویستە نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە

وەزیری پێشووی گەنجینەی بەریتانیا بە پێویستی دەزانێت، “هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر دووبارە هەناردەکردنی نەوت رێکبکەون”.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، نازم زەهاوی، وه‌زیری پێشووی گەنجینەی به‌ریتانیا و په‌رله‌مانتاری ئێستای ئه‌و وڵاتە، لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلێکی دووەم رۆژی کۆڕبەندی مێپس 2023 لە دهۆک، رایگەیاند: “سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوێنێ لە گوتارەکەیدا راستییەکی ئاشکراکرد ئەویش گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا مەترسییان خستووەتە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان؛ ئەوە ئاڵنگارییەکە بۆ هەموومان وەک مرۆڤایەتی”. 

وه‌زیری پێشووی گەنجینەی به‌ریتانیا دەڵێت، “هەموومان دەزانین گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا چەند مەترسیدارن، بەڵام هیچ کەسێک هەوڵی نەداوە کاری لەسەر بکات. پێویستە کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هەنگاو بنێین بۆ بەرەو ئاڕاستەی وزەی نوێ، وەک وزەی خۆر و وزەی سەوز”.

نازم زەهاوی گوتیشی، “دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان چ ئالنگارییەکان بێت لەگەڵ حکومەتی عێراق، جارێکی دیکە بۆ ئەم پڕۆژەیە هەڵە نەکەن و کار بکەن، سەرنجیان لەسەر چارەسەرکردنی گۆڕانکارییەکانی کەشواهەوا بێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، “پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان رێکبکەون بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، کە سەرچاوەی ئابووری خۆیانە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ناتوانین خۆمان لە نەوت و گاز لا بدەین ئەوە ئەجێندایەکە کە دەبێت کاری لەسەر بکەین”.

بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00 چالاکییەکانی رۆژی دووەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) دەستیانپێکرد. 

ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، ژمارەیەک سیاسەتمەداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک قسەکەر بەشداری لە پانێلەکان دەکەن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پانێلی سێیەمی رۆژی دووەمی کۆڕبەند، باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پانێلەکە لەلایەن مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC بەڕێوەدەبرێت.

دوێنێ دووشەممە، 20-11-2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد. 

کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک: بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی “هونەری ئازاد” قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.