پ. ئێڕینا زیگیاڤیسکا رایدەگەیەنێت، “رێگاوبانی زۆر باش لە هەرێمی کوردستان دروستکراون”. دەشڵێت، “لە دوای 2003 عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام بارودۆخەکە لە هەرێمی کوردستان جیاوازە”.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21-11-2023، پ. ئێڕینا زیگیاڤیسکا، بەڕێوەبەری ناوەندیی لێکۆڵینەوە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مۆسکۆ، رایگەیاند، “رێکخستنی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک کە چەند ساڵێکە بەڕێوەدەچێت، نەریتێکی زۆر باشە”.
پ. ئێڕینا زیگیاڤیسکا ئاماژەی بەوەش کرد، “هەموومان زۆر شت لە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان لەمیانی بەڕێوەچوونی پانێلەکاندا فێربووین. گفتوگۆکان زۆر ڕاشکاوانە بوون و ئامادەبووان ئەو قسانەیان کرد، کە دەیانویست بیکەن”.
لەبارەی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانیش، ئەو پڕۆفیسۆرە ئەوەی خستەڕوو، “ماوەی چوار ساڵە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکە دێمە هەرێمی کوردستان. تێبینی گۆڕانکاری و دروستکردنی رێگاوبانی زۆر باشم کردووە. شەقامی زۆر باشمان بینین کە دروستکراون. بێگومان ئەم شەقامانە پێش دوو ساڵ بەم شێوەیە باش نەبوون”.
بە گوتەی پ. ئێڕینا زیگیاڤیسکا، “لە دوای ساڵی 2003 عێراق ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام بارودۆخەکە لە هەرێمی کوردستان جیاوازە و دەبینین کێشەی زۆر گەورە چەند بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن”.
لەبارەی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی حەماس و ئیسرائیلش؛ ناوبراو رایگەیاند، “حەماس لەوانەیە بۆ ماوەی ساڵێک ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کردبێت. بەڕای من، ئامانج لە هێرشکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل؛ تێکدانی پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئیسرائیل بووە”.
گوتیشی، “ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەندێک وڵاتان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو ئێران – سعوودیە و سعوودیە – ئیسرائیل هەنگاوی زۆر گرنگن بۆ هێنانەکایەی رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ و سەقامگیر”.
بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 9:00 چالاکییەکانی رۆژی دووەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) دەستیانپێکرد.
ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک، ژمارەیەک سیاسەتمەداری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەک قسەکەر بەشداری لە پانێلەکان دەکەن.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پانێلی سێیەمی رۆژی دووەمی کۆڕبەند، باس لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پانێلەکە لەلایەن مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC بەڕێوەدەبرێت.
دوێنێ دووشەممە، 20-11-2023، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 300 سەرکردە، سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و پسۆڕ لە بوارە ئابووری و ئاسایش لە 80 وڵات دەستیپێکرد.
کۆڕبەندی مێپس، کە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە، چوارەم ساڵە بووەتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ناوچەکە و جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و بۆ چارەسەرکردنیان پێشنیاز بخەنەڕوو.
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لە شاشەی کەناڵەکەی، ماڵپەڕ و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، رووماڵی پانێل و دانیشتنەکانی ئەو کۆڕبەندە دەکات، زانیاری و گفتوگۆکان، راستەوخۆ بۆ وەرگرانی دەگوازێتەوە.
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و لە چەندین بەشی جیاواز پێکدێت وەک: بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا، و پەیوەندییەکان.
زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی “هونەری ئازاد” قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.