بە پڕۆژەیەکی سەردەمییانە تەواوی زبڵ و خاشاکی دەڤەری زاخۆ ڕیسایکل دەکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پڕۆژەیەکی نوێی ڕیسایکلینی پاشماوەی زبڵ و خۆراک لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت کە دەتوانێت رۆژانە چوار سەد و پەنجا تۆن پاشماوەی خۆراک و زبڵ هەڵبوەشێنێتەوە بۆ دووبارە بەکار هێنانەوە و بەشی زۆری ڕیسایکل بکات و بەشێکی کەمی لە ژێرخاکدا بشارێتەوە و رێ لە پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە بگرێت، پڕۆژەیەک کە وێڕای دابینکردنی هەلی کار سوودی ئابووریش بە ناوچەکە دەگەیەنێت.

پڕۆژەکانی ڕیسایکلین لەم ساڵانەی دواییدا خەریکە لە هەرێمی کوردستان پەرە دەستێنن و هەر چەندە ژمارەیان زۆر کەمە بەڵام دڵخۆشکەرن و ئومێد هەیە پڕۆژەی تر دابمەزرێن و بەهۆیانەوە وێڕای گێڕانەوەی سەرمایەکی زۆر، ژینگەی کوردستانی پێ بپارێزرێت و پارێزگاری لە تەندروستیی هاووڵاتییان بکرێت.
رۆژی یەکشەممە ١٩ی تشرینی دووەم، لە ئیدارەی زاخۆ بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی زۆر گرنگی بواری ڕیسایکلینی پاشماوەی زبڵ و خاشاک لەم دەڤەرە بەردی بناغەکەی داندرا کە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر ژینگەی سنوورەکە دەبێت.
پڕۆژەکە یەکێک دەبێت لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی سنووره‌كه‌ کە به‌ گوژمه‌ی سی و یەک ملیار دینار، له‌سه‌ر ڕووبه‌ری چل دۆنم زه‌وی بنیات ده‌نرێت و ده‌توانێت ڕۆژانه چوار سەد و پەنجا‌ تۆن پاشماوه‌ی خۆراك ڕیسایکل بكات .
به‌هۆی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ لانی كه‌م سەد و هەشتا هه‌لی كار دابین ده‌كرێت. وەک لە مەراسیمەکەدا خرایە ڕوو پڕۆژه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و سیستمێكی سه‌رده‌مییانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، رۆڵێكی گرنگی بۆ پاراستنی ژینگه‌ و ته‌ندروستیی خه‌ڵك ده‌بێت.
گوهدار شێخۆ سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی زاخۆ ئاماژه‌ی دا، سەرۆکی حکوومەت زۆر كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی سنووره‌كه‌ و لە دوو ساڵی رابردوودا کە زاخۆ بووەتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ زیاتر لە سێسەد پڕۆژە لە کەرتی جیاواز جێبەجێ کراون و ژمارەیەکی تر لە جێبەجێکردندان کە پڕۆژەی ڕیسایکلین یەکێکیانە و لەگەڵ ئەمەدا پڕۆژه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی جێبەجێ دەکرێ كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی زۆر گرنگه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌م سنووره‌ و توانای هه‌یه‌ پێنج هه‌زار هه‌لی كار دابین بكات. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ هەشت سەد دۆنم زه‌وی پێكدێت و سەد و هەشت كارگه‌ و سەد و شەست و یەک كۆگه‌ی گه‌وره‌ و بیست و چوار پێشانگه‌ی ئۆتۆمبێل و شوێنێكی تایبه‌ت به‌ عه‌لوه‌ له‌خۆ ده‌گرێت.پرسی ڕیساکلی زبڵ و پاشماوەی خۆراک دەکرێ بکرێتە یەکێک لە سەرەکیترین کار و ئەرکەکانی حکوومەت و وەزارەت و دەزگا پێوەندیدارەکان و جگە لە زاخۆ لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان جێبەجێ بکرێت. بۆ نموونە ڕۆژانە لە هەولێر شەش سەد و پەنجا ئۆتۆمبێل زبڵ و خاشاک لە شەش شارەوانی نێو هەولێر و هەروەها نۆ شارەوانی دەرەوەی هەولێر کۆ دەکەنەوە و لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە باکووری رۆژئاوای شاری هەولێر ژێر خاک دەکرێت.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی شارەوانی رۆژانە دوو هەزار تۆن پاشماوە لە هەولێر کۆ دەکرێتەوە و لەو پاشماوەیە شەش سەد و پەنجا تۆنی خۆراکە و تا ئێستا سوود لە هیچ کام لە پاشماوەکانیش وەرناگیرێتەوە. پێشتر وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە لەسەر ڕووبەری سێسەد دۆنم زەوی کاری ژێرخاککردنی پاشماوەکان دەکرێت و لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی داهاتوو لە هەولێر گەورەترین کارگەی ڕیسایکلی پاشماوەکان دەکەوێتە کار کە دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی ژینگەی پایتەخت.
جێی باسە پاشماوەی خۆراک دەتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە و پەینێکی تەواو سروشتی لێ دروست بکرێت بۆ گەشەی ڕووەک سوودی لێوەربگیرێت و تەنانەت وزەشی لێ بەرهەم بهێنرێت. لە وڵاتان تەنانەت حاویەکانی بەردەم ماڵانیش بۆ جۆرەکانی خۆراک، پلاستیک، شووشە و جۆری تر جیا کراونەتەوە و ئەمەش کاری کۆمپانیاکانی ریسایکلینی ئاسانتر کردووە کە دەکرێ لە داهاتوودا لە کوردستانیش دوای پەرەپێدانی کارگەکانی ریسایکلین، ئەم شێوازە ڕەچاو بکرێت.

ھەواڵی زیاتر