سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

پارێزگای هەولێر: بۆ 24 کاتژمێری داهاتوو سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) پارێزگای هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م بەرپرسانى فه‌رمانگه‌ خزمەتگوزارییەکان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سەبارەت بە نالەباری رەوشی کەشوهەواو کە بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو رێژەیەکی زۆری دابارینی باران لەماوەیەکی کەمدا دەبارێ و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت، ئەنجامدرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پارێزگا، لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسانگدنی رەوشەکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی، بە دواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانە کرا کە لە ماوەى رابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە، بۆ زستانى ئەمساڵ و وەرزى بارانبارین و رێگری و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی لافاو و رووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازارووى گۆڕانى کەش و هەواش گیراوەتەبەر، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان (بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانیەکان، تیمی ناوەنی قەیرانەکان، دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاو و ئاوەڕۆکان، ئاودێری) خرانە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەى هەموو ئەو هەگاوانەکرا کرا کە لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو گیروگرفت و کێشانەى کە هۆکار و مەترسی بوونە بۆ کۆبوونەوەى ئاو ئەنجامدراون، وەک خاوێنکردنەوەى رێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە گەڕەک و شەقامە سەرەکیەکان و شوێنە گشتیەکانی شارى هەولێر.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەموو تیمەکان کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی روودانی هەر ئەگەر و دۆخێکی قورس و لەناکاو، داواش لەهاووڵاتییان کرا هەمانگ و هاوکاری تیمەکان بن و پابەندی رێکارو رێنماییە خزمەتگوزارییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە رووبارو ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە لەکاتی ناچاریشدا نەبێت هاتووچۆی رێگاکانی دەرەوە نەکەن.