دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لەسەر داواکاری پارتی لەمەودوا لە کەرکووک بە زمانی کوردی زانیاری بە میدیاکان دەدرێت

ڕێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: دوای ئەوەی داوامان کرد پێویستە لە کۆمسیۆن بە کوردی زانیاری بەمیدیاکان بدرێت، داواکاریەکەی ئێمە قبوڵکراوە و کەسێک دیاری کراوە بە زمانی کوردی لێدوان بۆ میدیاکان دەدات.

سامان ڕەشید، رێپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، وتوویەتی، لە ماوەی ڕابردوو نووسراومان بۆ کۆمسیۆن کرد و داوامان کرد بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری میدیای کوردی لە کەرکووک هەن پێویستە بەزمانی کوردی لێدوان بۆ میدیا کوردییەکان بدرێت، بۆیە کۆمسیۆن داواکاریەکەی ئێمەی قبوڵکردووە و ئێستا کەسێکیان دیار کردووە بە زمانی کوردی لێدوان بۆ میدیا کوردییەکان دەدات.
سامان ڕەشید باسی لەوەشکرد: نوژەنکردنەوەی بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، چاوەڕێ دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو بکرێتەوە و بەفەرمیی تێیدا دەوام بکرێت، بۆ کردنەوەی بارەگاش مەراسیممان دەبێت.
گوتیشی: پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوە دەچێت و کاندیدانی ئێمە لە بانگەشە بەردەوامن و چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی داهاتوو پرۆسەکە گەرموگوڕتربێت، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بانگەشە بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوە بچێت.