دوای شەش ساڵ پارتی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵدەکاتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

عەرەب و تورکمان چوونەتە دادگەی فیدراڵی و بە فەرمی سکاڵایان پێشکەش کردووە و داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکەن، بە بیانووی ئەوەی کە دوو سەد و پەنجا و حەوت ھەزار دەنگدەر لە تۆمارەکانی دەنگدەران زیاد کراون. مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی ٣ی پارتی، دەڵێت: ئەم حەفتەیە پارتی بارەگاکانی خۆی بە فەرمی دەکاتەوە و ڕێوڕەسمێکیش بۆ کردنەوەی بارەگا و ناساندنی کاندیدەکان ڕێک دەخات.

بە گوێرەی دەستوور، کەرکووک شارێکی جێ ناکۆکە و ماددەی ١٤٠ مافی بە ھەر دوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان داوە بە ھاوبەشی بەڕێوەی ببەن، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پێگەی کورد لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک لاواز بووە، ھەوڵی تورکمان و عەرەبەکان بۆ نەکردنی ھەڵبژاردن ئەوە دەگەیەنێت کە ترسیان ھەیە پێگەی کورد لە کەرکووک بەھێز بێتەوە.
کارنامەی پارتی بۆ کەرکووک و بۆ ناوچە کوردستانییەکان پێکەوەژیانە، خزمەتکردنی کەرکووکە بەبێ جیاوازی. ھاووڵاتییانیش، دەڵێن، دوای گەڕانەوەی پارتی ھەستمان بە گۆڕان کردووە.
ھەژدە ساڵە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە، لەو ماوەیە دوو جار ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە شارەکانی دیکەی عێراق کراوە، لە کەرکووک کورد پێنج لیست و ھاوپەیمانێتی ھەیە، بۆ بەشداریکردنێکی کاریگەرانە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ھەموو ھێزە سیاسییەکانی یەکدەنگن و کردنی ھەڵبژاردن بە پێویست دەزانن.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١٥ کورسی پێکھاتووە، ٢٤٨ کاندید لە ١٠ ھاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن. پارتی بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە ١٩٧ بەشداری کردووە و ٣٠ کاندیدی ھەیە، پارتی لە دەستنیشان کردنی کاندیدەکانیدا ڕەچاوی پێکھاتەکانی ناوچەکەی کردووە و کاندیدەکان لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان پێک ھاتوون، بە پشتیوانیی دەنگدەر و جەماوەرەکەی ھەوڵدەدات زۆرترین کاندید سەربخات.
لەم ھەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان ھەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران ھەیە، دەنگ دەدەن. کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە ھەشت سەد و حەفتا ھەزار و نۆ سەد و بیست دەنگدەر، لەو ژمارە، ھەشت سەد و سێزدە ھەزار و پێنج سەد و نەوەد دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و پەنجا و حەوت ھەزار و سێ سەد و سی دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.
عەرەب و تورکمان کار بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن
ئارەزوو جەبار شوانی، بەربژێری ژمارە ١٢ی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: عەرەب و تورکمانەکان دەزانن ژمارەی دەنگەکانیان کەم دەبێت، لە ھەمانکاتدا دەزانن ژمارەی دەنگەکانی کورد زیاد دەبێت، بۆیە داوای دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن. لە ھەمان کاتدا دەیانەوێت ئەم بارودۆخەی ھەیە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئێمەش ئەو دۆخەی کە دروستبووە بە ھەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە؛ ھەوڵدەدەین لە ڕێگەی ھەڵبژاردنێکی دیموکراتی و مەدەنییەوە ئەم بارودۆخە ناھەمووارە بگۆڕین و دۆخی کەرکووک وەکوو پێشووی لێبێتەوە و ئەم پارێزگارە بەزۆر سەپێندراوە بگۆڕین.
ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگا و نووسینگەی کاندیدانی پارتی دەشەکێتەوە
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی ژمارە ٢ی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: ئاڵای کوردستان یاسایی و دەستوورییە و خەڵکێک ھەیە ناحەزی کوردن داوای ھێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان دەکەن، بەڵام لە بارەگا و نووسینگەکانی کاندیدەکانمان ئاڵای کوردستان ھەڵدراوە و کەس ناتوانێت ئاڵای کوردستان دابگرێت و ھەر بەشەکاوەیی دەمێنێتەوە.
ئەم ھەفتەیە پارتی بارەگاکانی خۆی دەکاتەوە
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی ٣ی پارتی، گوتیشی: بڕیارە ئەم ھەفتەیە نۆژەنکردنەوەی بارەگاکانی پارتی تەواو بێت و بە فەرمیی بکرێنەوە و تێیدا دەوامی خۆمان بکەین و دواتریش ڕێوڕەسمێکی شایستە دەکرێت بۆ کردنەوەی بارەگا و ناساندنی ھەڤاڵە کاندید کراوەکانمان.
کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان داواکارییەکی پارتی لە کەرکووک جێبەجێ دەکات
دوای نووسراوی ڕێگەپێدراوەکەی پارتی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە کەرکووک کە داوای کردبوو زمانی کوردی لە نووسراوە فەرمییەکانیاندا فەرامۆش نەکرێت و کەسێک بە فەرمی بۆ قسەکردن بە زمانی کوردی دابنرێت، عەبدولباست دەروێش کە فەرمانبەرێکی کوردە لە کۆمیسیۆن بە فەرمی بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان کرا. سامان ڕەشید، ڕێگەپێدراوی پارتی لە کەرکووک، گوتی: دوای داواکەی ئێمە کە ئاراستەی کۆمیسیۆنمان کرد، بە سوپاسەوە بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە کەرکووک، کەسێکیان بۆ قسەکردن بە زمانی کوردی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕێنماییەکان بە زمانی کوردی دەستنیشان کرد.
سامان ڕەشید، ئاماژەی بەوەشکرد: زمانی کوردی لە دەستووردا زمانی فەرمییە و پێویستە لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکوومەت بەکاربھێندرێت و بۆ گەڕاندنەوەی ئەم مافەش بێدەنگ نابین و ھەموو ھەوڵێکمان دەخەینە گەڕ.