دەستی ئاوەدانی لە کوردستان نەوەستاوە

سه‌رباری بیانوگرتن و نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدڕاڵییه‌وه‌، له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، حه‌فته‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شاروشارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

حه‌فته‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوو جێبه‌جێ كراوه‌، ڕۆنانی شه‌قامێكی ٣٠ مه‌ترییه‌ له‌ پێنجی حه‌سارۆكی شاری هه‌ولێر.
له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی سی مه‌تری و ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی له‌ گه‌ره‌كی پێنجی حه‌سارۆكی شاری هه‌ولێر كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
پڕۆژه‌كه‌ به‌ گوژمه‌ی چوار سه‌د و چل ملیۆن دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگه‌ی هه‌ولێر و به‌ سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئێستا كاركردن له‌ بنیاتنانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌ ته‌واو بوونی ئه‌و شه‌قامه‌ جیا له‌ سود گه‌یاندنی به‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌، هۆكارێك ده‌بێت له‌ كارئاسانی هاتوچۆی شاری هه‌ولێر.
هه‌ر له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی ئاكرێ، ژماریه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری قیرتاوكردنی شه‌قام و دانانی كربستۆن و كۆنكرێتكردنی كۆڵانه‌كان كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی له‌ سنووری شاره‌وانیی ئاكرێ جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی شاره‌وانیی ئاكرێ جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌ ته‌واو بوونی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سنووره‌كه‌ ده‌چێته‌ قۆناغه‌كی به‌رزی پێشكه‌وتووه‌وه‌.
حه‌فته‌ی ڕابردووش له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری ئاو له‌ بالیسان، زیادتر له‌ ٣٠٠ ماڵ لێی سودمه‌ند ده‌بن.
به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی پڕۆسه‌ی گه‌یاندنی ئاوی خاوێن به‌ زیادتر له‌ ٣٠٠ ماڵی سنووره‌كه‌، له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی تۆڕی ئاوی گوندی توتمه‌ له‌ ناحیه‌ی بالیسان جێبه‌جێكرا.
پڕۆژه‌كه‌ له‌ پێنجی ئه‌یلوولی ٢٠٢٣ ده‌ستی پێكرد، گوژمه‌ی سه‌د و سی و هه‌شت ملیۆن و چوار سه‌د و شه‌ش هه‌زار و دوو سه‌د و په‌نجا دیناری له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر بۆ ته‌رخان كرا.
پێكهاته‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌ گۆڕینی بۆڕیی پۆلی ئه‌سیلین بۆ بۆڕی ده‌كتایله‌، كه‌ له‌ نێوان حه‌وزی توتمه‌ و حه‌وزی دووه‌می بالیسان درێژ ده‌بێته‌وه‌ و زیادتر له‌ سێ سه‌د ماڵی ناوچه‌كه‌ لێی سودمه‌ند ده‌بن.

پاشخان:
له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ به‌ بیانوی بێ بنه‌ما، له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رسوڕهێنه‌ره‌، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ڕۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ له‌ كوردستان نموونه‌ییه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا به‌ به‌رده‌وامی و هه‌موو ڕۆژێك دوو پڕۆژه‌ و نیوی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراوه‌ و ئه‌وه‌ له‌ دنیادا كه‌م وێنه‌یه‌.