لەبارەی 700 ملیار دینارەکەی مووچەخۆران داوایەک لە حکومەتی فیدراڵی دەکرێت

حکومەتی عێراق 700 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات،و وەزارەتی دارایی عێراقیش داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات، بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە رێککەوتن بۆ سێ مانگی دیکە بکرێت.

بڕیارە لە 27 تا 29ی ئەم مانگە حکومەتی عێراق 700 ملیاری دیناری دیکە بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکان وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات، رێککەوتنێکی نوێ بکەن، بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، چونکە دوای ناردنی ئەو 700 ملیار دینارە سێ مووچەی دیکەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە کە دابەش نەکراوە.

بڕیارە لە دوای سەری ساڵی نوێ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاکتاوی حیسابی سەردانی بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رەوانە بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لەم چەند مانگە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە تەنیا وەکو قەرز بووە و تائێستا پشکی هەرێم رەوانە نەکراوە.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کردووە رێککەوتنێک نوێ بکرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بێت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بوجەی گشتی عێراق وەک خۆی بنێردرێت.