هەولێر…ساڵیادی کۆچی دوایی د.فەرسەت سۆفى کرایەوە

ئەمڕۆ شەممە 2023.11.18، لەمەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسى لقى2ى پارتى و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و د.هێمن میران، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ و موسا ئەحمەد، سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و چیا هەرکى، یاریدەدەرى بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى هەولێرى پارتى و د.عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و یایدەرى پارێزگارى هەولێر و قائیمقام و ژمارەیەکى زۆرى بەرپرسانى یەکە ئیدارى و کارگێڕییەکانى سنورى پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و بەرپرسانی سەربازی و هاوڵاتیان و هاوڕێیان و کەس و کار و خانەوادەکەى، لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد لە شارى هەولێر، لە سەر گڵکۆی جوانەمەرگ خوالێخۆشبوو د.فەرسەت سۆفى، پارێزگارى پێشووى هەولێر، لەلایەن پارێزگاى هەولێر ساڵیادى کۆچى دوایی د.فەرسەت سۆفی کرایەوە و سێیەمین خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، لەلایەن هێڤار فەرسەت سۆفى بەخشرا بە (حسێن علی طە) فەرمانبەر لە بنکەى تەندروستى سماقۆڵى کە بڕى 20 ملیۆن دینارى گەڕاندۆتەوە بۆ بانکى کۆیە.

لە مەراسیمەکەدا، دواى کردنەوەى پیشانگایەکى ڤۆتۆگرافى بۆ وێنەگران ئلیاس عەزیز و جەمال یاد کە تایبەت بوو بە بەشێک لە وێنەکانی د.فەرسەت سۆفی لە کاتی کاروباری رۆژانە و چالاکییەکانی و دانانى تاجە گوڵیینە لەسەر گڵکۆى جوانەمەرگ، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، ڕایگەیاند: ”فرسەت سۆفی دیاردەیەکی دەگمەنی مرۆڤی دەستپاک و ڕاستگۆ و سەرڕاست بوو، یەکێک لە دڵسۆزترین کەسانی دەرکەوتە بوو، ئەو سیمبولی دەستپاکی بووە و لە هەر شوێنێک بووبێت دژایەتیی گەندەڵیی کردووە.”

گوتیشی: ”بەهۆی ئەو دەستپاکییەی هەیبووە، بڕیارمان دا خەڵاتی دەستپاکی بە ناوی فرسەت سۆفی دابنێین بۆ ئەوانەی کە زۆر دەستپاکن. ئەمساڵیش خەڵاتەکەی دەدەین بە فەرمانبەرێکی دەستپاک لە بنکەی تەندروستیی سماقوڵی کە فەرمانبەری هێنان و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانە. لە دوو ساڵی ڕابردووشدا ئەم خەڵاتە جارێک به عەرێزەنووسێک و جارێکی دیکەش بە کارمەندێکی ژینگەپارێز دراوە.”

جێگەى باسە، ئامانج لە پێشکەشکردنى خەڵاتى ساڵانەى د.فەرسەت سۆفى لەلایەن پارێزگای هەولێر بۆ زیندووکردنەوەى ئەو پیاوەیە مەزنەیە کە تەمەنێکى کورت ژیا، بەڵام ژیانى خۆى لە پێناو خزمەتکردنى (چاکسازیی، دادپەروەرى، دەستپاکى) تەرخانکرد و وه‌كو پیاوى دەستپاکى و دادپەروەری ژیا، ئەو شانازییە ئەمڕۆش وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی بەخشرا بە فەرمانبەر “حسێن علی طە” کە ماوەی 25 ساڵە لە بنکەی تەندروستی سماوقوڵی فەرمانبەری بلیت برە و ماوەی 18 ساڵە تەخویل کراوە بۆ وەر گرتنی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی بنکەی تەندروستی سماقوڵی لە بانکی کۆییە، لە 2023.9.25، کەچووە بۆ وەرگرتنی مووچە بری 20 ملیۆن دیناری زیاد پێدراوە بەهەڵە، هەر ئەوکاتەی زانیویەتی کە ئەو پارەیە زیادە و بە هەڵە پی دروا یەکسەر گەراندویەتییەوە بۆ بانک.