لە سکۆپیای پایتەختی مهكدۆنیاى باكوور، کۆنگرێسی لاوانی کورد( KYC )، بەشداری کۆبوونەوەی گەنجانی پارتی گەلانی ئەوروپا دەکەن.
فەلاح حەسەن سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد (KYC) لە دەرەوەی وڵات، رایگەیاند، بەشداری کۆنگرێسی لاوانی کورد لە کۆبوونەوەی گەنجانی پارتی گەلانی ئەوروپا، هەنگاوێکی گرنگی سیاسییە بۆ هەرێمی کوردستان و دۆزی گەلی کوردستان.
سەرۆکی کۆنگرێسی لاوانی کورد ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی ئەندامێتی KYC و سیاسەتمەدارانی کورد و دانانی ئاڵای کوردستان بەفەرمی لە پێگە جیهانیی و سیاسییەکان، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلی کوردستان و دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەی سیاسەتمەدارانی گەنجانی ئەوروپا لە مهكدۆنیای باكوور، بە بەشداری 37ـی وڵاتی ئەوروپی و 61 پارتی سیاسیی دەستیپێکردووە و پێگەیەکی گرنگە بۆ باسکردنی دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان.
کۆنگرێسی لاوانی کورد (KYC) لە ئاداری ساڵی 2020 ، لە دەرەوەی وڵات دامەزراوە، ئامانجێتی هاوشانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم کار بۆ بەهێزکردنی لۆبی کوردستانی و زیادکردنی دۆستایەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بكات.