سەرکردە و سیاسەتمەدارانی 80 وڵات لە مێپس گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن

سبەی یەکشەممە 19/11/2023، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە (مێپس) لە شاری دهۆک دەست بە کارەکانی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا سەرکردە و سیاسەتمەدار لە 80 وڵات بەشداری دەکەن و لە ماوەی سێ رۆژدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.

میللەت عیسمەت سکرتێری رۆژنامەوانی پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند، مێپس یەکێکە لە گرنگترین رووداوەکانی ساڵ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، کە لە پارێزگای دهۆک لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکخراوە و تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕبەندە کراوە.

گوتیشی: “میوانانی کۆڕبەندی مێپس لە 80 وڵاتەوە دێنە دهۆک، ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئێمە نیشانی وڵاتانی بدەین کە هەرێمی کوردستان لە رووی ئارامیی و سەقامگیرییەوە لە چ ئاستێک دایە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق”.

کۆڕبەندی مێپس، لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆڕبەندە هەڵوێست و بۆچوونی نوێ سەرکردە بەشداربووەکان ببیسترێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، جگە لە باسکردن لە ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پانێلەکانی کۆڕبەندی مێپس باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی بەغدا، هەروەها ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی دەکرێت.

لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندی مێپس، وۆرگشۆپێک بە بەشداری 60 ئەکادیمی، پسپۆڕ و نووسەر بەڕێوەدەچێت، تێیدا باس لە ئاسایش و ئابووری سەربەخۆ دەکەن. لە رۆژی دووەمی کۆڕبەندەکەدا چەندین سەرۆک و سەرکردەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداری لە پانێلەکانی مێپس دەکەن.

د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانکۆ لەبارەی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) دەڵێت: “پێویستە هەموو زانکۆکان رۆڵ هەبێت لە کۆکردنەوەی ئەکادیمی و سەرکردە و کاراکتەرە سیاسییەکان کە بڕیار بەدەستن و کاریگەرییان هەیە لەسەر کێشە و رووداوە سیاسییەکان، بۆیە ئەوەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک دەیکات کارێکی گرنگە”.

گوتیشی: “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لەناو کێشە و مللانێ سیاسییەکان دایە، ئێستا چەندین رووداوی گەرم و گوڕ لە عێراق هەن، بەتایبەتی دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستەکەی، هەروەها شەڕی ئیسرائیل و حەماس”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “لەکاتی دانانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرس بە گەلان نەکراوە، بۆیە ئەو کێشانە بەردەوام دەبن تا بۆ داڕشتنی نەخشە و دیاریکردنی سنوورەکان رای گەلان وەرنەگیرێت و بەردەوام کێشە و قەیرانەکان نوێ دەبنەوە”.

بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زانکۆ، “بۆ بە‌هێزبوونی هەرێمی کوردستان پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەکڕیزبن و گوتاری یەکگرتوویان هەبێت، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لۆبی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت، کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک جۆرێکی لۆبی دیپلۆماسییە، کە سەرکردە و سیاسەتمەتدار لە زۆربەی وڵاتان لە شارێکی جوانی وەک دهۆک میوانداری دەکرێن، بۆ ئەوەی پشتگیری لە مافی رەوای گەلی کورد بکەن”.