پارتی: لادانی حەلبووسی ئاڵۆزییەکان قووڵتر دەکاتەوە

پارتی بە پێویستی دەزانێت، رێککەوتنى هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کارنامەى حکومەتى فیدراڵى جێبەجێ بکرێت و دەڵێت، “لادانى حەلبووسی ئاڵۆزییەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە.

گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە “بارودۆخى عێراق و ناوچەکە بە جۆرێک شێواوە کە پێشبینى هەژانێکى گەورە دەکرێت؛ لەم دۆخەدا بەرپرسیارییەتیی سەرشانى سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەکان بە گشتى و، لایەنە پێکهێنەرەکانى هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە بەتایبەتى، وردتر هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن”.

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023،  دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی “ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی” ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە. حەلبووسی بڕیارەکەی رەتکردەوە و گوتی، “دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێلکردووە”.

بە گوتەی مەحموود محەممەد، “دوا بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق لەبارەى لادانى سەرۆکى دەسەڵاتى یاسادانان (محەممەد حەلبووسی)، ئاڵۆزییەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە” و دەڵێت، “چاوەڕوانییەکان ئەوەبوون ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى هەن چارەسەر بکرێن نەک بابەتى زیاتریان لەسەر کەڵەکەبکرێت بە جۆرێک کە ئاشتى کۆمەڵایەتى و سەقامگیرى دەخاتە مەترسییەوە”.

پارتی، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بە پەرۆشەوە لە رەوشەکە دەڕوانێت و نیگەرانى دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانین، بۆیە بە پێویستى دەزانین دۆخى عێراق لە ڕووى سیاسى، ئەمنى، ئابوورى و، ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکانى ناوچەکەوە لەبەرچاوبگیرێت و، بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت بۆ ڕێکخستنەوەى بارودۆخەکە لە ڕوانگەى دەستوورى هەمیشەیی و، جێبەجێکردنى ماددە و بڕگەکان و پڕنسیپەکانى ڕێککەوتنى هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و کارنامەى حکومەتى فیدراڵى، بە تایبەتى بڕگەکانى پەیوەست بە ئەنجوومەنى فیدراڵى و دادگاى فیدراڵى”.

پارتی بە پێویستیش دەزانێت، “بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانى بونیاتنانى عێڕاقێکى نوێ (شەراکەت، تەوافق، تەوازن) و سەروەرى دەستوور بچەسپێنرێت کە تاکە زامنى پێکەوەژیان و سەقامگیرى و پێکەوەیى عێراقە