وەزیری پەروەردە قوتابیانی پۆلی 12 دڵنیا دەکاتەوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی دڵنیا دەکەنەوە کە ماف و بەرژەوەندییان پارێزراو دەبێت.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: “دەمەوێت هەموو لایەک دڵنیا بکەمەوە، کاتێک وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: پرۆگرامەکانی خوێندن کەم ناکەینەوە، مەبەستی ئەوەیە بەرژەوەندی قوتابی و خوێندکاران بپارێزێت، چونکە کەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن بە کۆی گشتی زەرەر لە هەموو قوتابیان دەدات و پرۆسەکەیان لێ تێکدەچێت، بە جۆرێک کە نمرەی زۆر بەرز دێت، ئێمە نموونەی خوێندنی ساڵی 2020مان هەیە ئەوکاتە بەهۆی کۆرۆنا بوو کە لە دەرەوەی ئیرادەی هەموومان بوو”.

گوتیشی: “هەموو قوتابی و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی دڵنیا دەکەمەوە کە درەنگ دەستیان بە خوێندن کردووە یان تائێستا دەستیان پێ نەکردووە، ماف و بەرژەوەندییان پارێزراو دەبێت، وەزارەتی پەروەردە وەزارەتی هەموو قوتابی و خوێندکارانە لە زاخۆ تا گەرمیان، بەرپرسیاریەتیمان لەسەر شانە بەرامبەر بەو قوتابی و مامۆستایانی سلێمانی و هەموو کوردستان”.

راشیگەیاند: “لە کۆیە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان هەموو قوتابیانی پۆلی 12 دەوام دەکەن، هەروەها لە سلێمانی بەشێکی زۆری قوتابخانەکان لە سلێمانی دەوام دەکەن، ژمارەیەکیان درەنگیان دەستپێکردووە”.

ئالان حەمە سەعید، گوتی: “لە ئەنجومەنی وەزارەت بە تایبەت لەبارەی قوتابیانی سلێمانی کۆدەبینەوە، ئەگەر لە سلێمانی و دەوروبەری هەندێک قوتابخانە دەستیان بە خوێندن نەکردووە، میکانیزمێکی گونجاویان بۆ دەدۆزینەوە، ئەوەی بکرێت بۆ مافی ئەوان دەیکەین، پێویست ناکات بە هیچ شێوەیەک بشڵەژێن”.