هەولێر.. زیاتر لە یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، دەستیان بەسەر زیاتر لە یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە و چوار کەسیشیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاسکرای کرد: “لە بەردەوامی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە 15/11/2023، لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد و بەردەوام، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە چالاکییەکی سەرکەوتوودا توانرا چوار تۆمەتباری مەترسیدار دەستگیر بکرێن کە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن”.

ئاماژە بەوەشکراوە: “لەم چالاکییەدا بڕی (یەک کیلۆگرام) ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی هیرۆین، کریستاڵ و جامایکا دەستی بەسەردا گیرا، پەڕوای لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوەو بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە”.

پێشتر لیوا حوسێن نامیق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر گوتی: “وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان، ئیشمان لەسەر ئەوە کردووە خستنەڕوو و خواستی ماددە هۆشبەرەکان کەم بکەینەوە، چونکە بازرگانی ماددەی هۆشبەریش بازرگانی پێوە دەکرێت، نرخی ماددەی هۆشبەرمان لە سەدا 400 کەمکردووەتەوە، بۆ ئەوەی خواستی لەسەر نەبێت، زۆرترین بازرگانمان دەستگیرکردون، ستراتیژیەتی کارکردنمان لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانەکان و هوردەفرۆشەکان، ئەوەی دەفرۆشێ و خەڵک تووش دەکات ئەوانە مەترسیدارن”.

گوتیشی: “ژمارەیەکی زۆر لەوانەمان دەستگیرکردون کە ماددەی هۆشبەر لە سنوورەکان دێنن، رێکارە یاساییەکانمان بە شێوەیەکی واکردووە کە لە دادگا نەتوانن خۆیان رزگار بکەن، چونکە تەنیا دەستگیرکردن گرنگ نییە، چونکە ئەگەر کەموکوڕی لە پەڕاوەکەیدا هەبێت ئەو کەسە دەتوانێت خۆی لە یاسا رزگار بکات”.