پڕۆژەی دۆڵی زەرزێ بە درێژایی دە کیلۆمەتر خرایە خزمەتی هاووڵاتییان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆژەی ڕێگەی دۆڵی زەرزێ بە درێژایی دە کیلۆمەتر بەگوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار خرایە خزمەت ھاووڵاتییان، بەگوتەی بەرپرسان، ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی سنووریی گەشتیاری، کشتوکاڵی و مەڕداری گرنگە و بە دەیان گوند لەو ڕێگەیە سوودمەند دەبن. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دەڵێت: لە چوار ساڵی ڕابردوودا گرینگی زۆر بە دروستکردنی ڕێگەی گوندەکان دراوە و سێزدە ملیۆن و پێنج سەد ھەزار مەتر چوارگۆشە ڕێگە قیڕتاوکراون.

ھەژار حەکیم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: لە تەواوی گوند و ئاواییەکانی ئیدارەی سۆران پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێم لە سێکتەرە جیاوازەکان بەردەوامیان ھەیە و چەندین پڕۆژەی گرنگیش خراونەتە خزمەت ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: پڕۆژەی قیڕتاوکردنی ڕێگەی دۆڵی زەرزێ لە قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سۆران بە درێژایی دە کیلۆمەترە و تێچووەکەی زیاتر لە یەک ملیار دینارە ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ھەرە گرنگەکان، چونکە ناوچەیەکی سنووریی گەشتیاری، کشتوکاڵی و مەڕداری گرنگە و دەخرێتە خزمەت ھاووڵاتییان و گوندنشینان، کە ڕێگەکە ئاسانکاری زۆر بۆ ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دەکات.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕایگەیاند: لە ماوی چوار ساڵی ڕابردوودا لەسەر سێ جۆر بودجە پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراوە، یەکەمیان بودجەی وەبەرھێنان، شەست و پێنج پڕۆژەی ڕێگەوبان جێبەجێ کراون کە خۆی دەبینێتەوە لە بە دوو سایدکردنی ڕێگەوبانەکان و دروستکردنی تونێل و پرد بەگوژمەی ھەشتا و سێ ملیار دینار، ھەروەھا ھەزار و دوو سەد و نەوەد و پێنج کیلۆمەتر ڕێگە کەوتووەتە خزمەتی ھاووڵاتییان، دووەمیشیان لەسەر بودجەی ئاسایی، چەندین پڕۆژەی بچووک و مامناوەند جێبەجێ کراون بە گوژمەی چواردە ملیار و چوار سەد و بیست ملیۆن دینار، سێیەمیشیان لەسەر بودجەی %٣٠ لەسەر داھاتی وێستگەکانی کێش کە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەیدەنەوە بە وەزارەتمان دوو سەد و چوار پڕۆژەی بچووکمان جێبەجێ کردووە ڕێگەی گوندەکانمان قیڕتاو کردووە بە گوژمەی دوازدە ملیار و سەد و بیست ملیۆن دینار، لە ھەرێمی کوردستان بە نزیکەی سێزدە ملیۆن و پێنج سەد ھەزار مەتر چوارگۆشە قیڕتاوکردن کراوە لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاشکراشی کرد: بودجەی تەرخانکراو بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی گوندەکانی ھەرێمی کوردستان بیست ملیار و چوار سەد و ھەشتا و سێ ملیۆن دینار بووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گرینگی زۆریان بە دروستکردنی ڕێگەی گوندەکان داوە، کە ئەمە ھەنگاوێکی گرینگە و خزمەت بە ھاووڵاتییان دەکرێت و جیاوازی نەکراوە لە نێوان ھیچ ناوچەیەک و بەردەوامیش دەبین بەپێی بودجەی پێویست و بەردەست.