سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا دۆخی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/11/15 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئێریك شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا دەر‌بارەی دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەری و لێكەوتەكانی، بیروڕایان گۆڕییەوە.
نێچیرڤان بارزانی بەردەوامیی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدای بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و سەردانی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بە ئەرێنی لە قەڵەم دا و جەختی لە خواستی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور كردەوە.
دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، هەردوولا باسیان لە هەوڵەكانی ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەكە كرد و داكۆكییان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق كردەوە. لەمبارەیەوە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی عێراق نەبێتە بەشێكی ئاڵۆزییەكان و سەلامەتیی هێزەكانی هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران پارێزراو بێت.
دوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.