سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە توێژینەوەیەکدا ڕیشەی ڕووداوەکانی ئەمڕۆی ناوچەکە بە تاوانی ئەنفال دژی گەلی کوردەوە گرێ دەدرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دکتۆر خالید ساڵح، پسپۆڕ و توێژەری سیاسی، لە توێژینەوەیەکی دە لاپەڕەییدا کە لەبارەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلە و پشتی بە بیست و پێنج سەرچاوەی مێدیایی و زانستی بەستووە، پەردە لەسەر ڕووداوێک هەڵدەماڵێت کە پەیوەندیی بە ئەنفالی کورد لە دەیەی هەشتای سەدەی ڕابردوو هەیە و ڕووداوەکە گرێ دەدات بەو جەنگەی لە حەوتی مانگی تشرینی یەکەمەوە هەڵگیرساوە و ئاگری جەنگەکەش بڵێسە دەدات و خەڵکێکی زۆری سڤیل بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی و شرۆڤەی مێژوویی بۆ ڕووداوەکان دەکات.

ئەو، بۆ دەستپێکردنی توێژینەوەکەی باسی لە دۆخی پێش حەوتی تشرینی یەکەم و دوای حەوتی تشرینی یەکەم کردووە و نووسیویەتی هەفتەیەک پێش هەڵگیرسانی ئەم جەنگە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، ئومێدێک هاتبووە کایەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە داخراویی غەزە بهێنرێت و بە ناوبژیوانیی میسر و قەتەر، ئیسرائیل بەشێک لە گەمارۆکان بە شێوەی ڕێککەوتنێکی نافەرمی هەڵگرت و ئەمەش دەرفەت بوو بۆ بیست هەزار فەلەستینی تا بتوانن لە ڕێڕەوەکەوە دەستیان بە بازاڕی کار و کاسبی ڕا بگات، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە زۆری نەخایاند و هەموو هیواکانی مراند.
دکتۆر خالید ئاماژە بە هێرشەکەی حەماس دەکات و دەڵێت: ئەوەی ڕووی داوە تەنیا ڕووداو یان هێرشێکی ئاسایی نەبووە بەڵکو هزر و باکگراوندێکی قووڵی مێژوویی و ئایینی لە پشت بووە و ئەو ستراتیجەش کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە لەم دواییانەدا لە گیرفانی چەکدارێکی حەماس لە غەزە نووسراوێک دەدۆزرێتەوە و دەقی نووسراوەکە زۆر ڕاستی و نهێنی ئاشکرا دەکات، هەر چەندە وەک خۆی کاتێک ئەو دەقەی خوێندووەتەوە مووچڕکێک بەگیانیدا هاتووە و خەیاڵی گەڕاندوویەتەوە چەندین دەیە لەمەوبەر لە کوردستان.

بەپێی ناوەڕۆکی ئەو پارچە نووسراوەیەی گیرفانی چەکدارەکە، خەڵکی فەلەستین بە نەوەکانی خالید و زوبێر ناو دەبرێن و هانیان دەدات بۆ جیهاد و تەنانەت ئاماژە بە هەندێک ئایەت و فەرموودە دەکات کە بۆ لەناوبردنی دوژمن کە لەوێ مەبەست جووەکانە پشتی پێ دەبەستن.
دکتۆر خالید باس لە بیرکردنەوەی سەرکردەکانی ئەو گرووپە ئیسلامییانە دەکات کە بۆ کوشتنی بەرانبەر تەفسیری جیاواز بۆ هەندێک ئایەت دەکەن کە باس لەوە دەکات لە پێناو چوونە بەهەشت چۆن گیانی خۆیان فیدا بکەن. یان هەندێک فەرموودە کە ئاماژە بەوە دەکەن چۆن لە پێناو خودادا خۆت بە کوشتن بدەی. هەر لە نووسراوەکە باس لە سەرکردەکانی سەردەمی ئیسلام و کوشتنی جووەکان دەکات و هەمان فەرموودە و گەڕانەوەکان بۆ ئێستا بەکار دەبەن و شەرعییەت بە کوشتن دەدەن هەنگاوێک کە هەر ڕووداوەکانی وەک حەوتی مانگی لێ چاوەڕێ دەکرێت دووبارە ببنەوە.
لە بیری ئەو بزووتنەوە توندڕەوە ئیسلامییانە بە ئاشکرا باسی شەڕی مێژوویی خەیبەر و ئازادکردنی فەلەستین لە داهاتوودا دەکات، هەندێک چیرۆک و پێشهات دەخەنە ڕوو کە وەک بنەمایەک لە ناخی بیرکردنەوەیاندا چەسپیووە و بەردەوامن و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش درێژە بە خەباتیان دەدەن. ئەو ئایەت و فەرموودانە کاتی خۆی بۆ کوردیش بەکار هێنراون.
ئەو پسپۆڕە سیاسییە دەنووسێت دوای جەنگی یەکەمی کەنداو کە دواجار ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و داڕمانی رژێمی بەعس لە کوردستانی لێ کەوتەوە، کۆمەڵێک بەڵگەنامە ئاشکرا بوون کە دواتر دەقی ئەو بەڵگەنامانە سەلماندیان ڕژێمی بەعس بۆ ئەوەی کورد لەناو ببات پشتی بە چ ئایەت و فەرموودەیەک بەستووە. وەک خستوویەتەڕوو بۆ ئەوەی بەڵگەکان نەفەوتێن بەشێکیان بۆ ئەمەریکا گواسترانەوە و بەشێکیان ڕادەستی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرا تا بۆیان بسەلمێنرێت بە چ پلان و بەرنامەیەک ویستراوە گەلی کورد ئەنفال بکرێت.
بە بەڵگە بۆی دەرکەوتووە تەنانەت کاتی خۆی سەدام حسێن لە سەرەتای دەیەی هەشتای زاینییەوە کە ویستوویەتی پەلاماری کوردستان بدات فەرماندەیەکی باڵای هەبووە کە لە ڕاستیدا باکگراوندێکی ئیخوانی هەبووە، ئەو فەرماندەیە سورەتی ئەنفالی بۆ سەدام حسێن تەفسیر کردووە و بە شێوەیەک مەشروعییەتی ئایینییان بە جینۆسایدی کورد داوە و دواتر بینرا چ نەهامەتییەک بەسەر گەلی کوردا هێنرا و ئەو خەڵکە زۆرەی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران کرا لەسەر بنەمای دوژمنکارییەکی ئاسایی نەبوون.

سەدام حوسێن کە بە ئاماژەکردن بەو سورەتەی قورئان ڕەوایەتی ئاینی و بێدەنگیی جیهانی ئیسلامی-عەرەبی وەرگرت، کوردی وەک ئیسرائیلی دووەم وەسف دەکرد بەڵام کورد بە پێچەوانەی ئیسرائیل کە خەمخۆر و پشتیوانییەکی زۆری هەیە، زیاتر لە لایەن ئەوانەوە پارێزراوە کە ڕژێمی سەدامیان ڕووخاندووە.
توێژەرە سیاسییەکە بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوە ڕەشبینە لە چەسپاندنی ئاشتیی لە ناوچەکە تا ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی بەرانبەر درێژەی هەبێت و ئاماژە بە سەرکردەکانی حەماس دەکات کە ئامانجیان لەناوبردنی ئیسرائیلە و بۆیەش کاتێک لە حەوتی مانگ هێرشەکە کرا تەڕ و وشک ژن و منداڵ و گەنج و و پیر و مەدەنی و سەربازی بەیەکەوە لەناو بران کە ڕیشەی بۆ هەمان فکرە دەگەڕێتەوە.
لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا نووسەر پێی وایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شێوازە لە بیرکردنەوە کە بەرانبەر دەسڕێتەوە ئەوە بەس نییە دیوارێک لە دەوری خۆت دروست بکەی تا لە هێڕشەکان پارێزراو بی، بۆ نموونە ئیسرائیلییەکان دوای دامەزراندنی دەوڵەت ویستیان دیوارێک لە دەوروبەری خۆیان دروست بکەن. بە تێپەڕبوونی کات، چەمکی بەرپەرچدانەوە لە ڕێگەی پێشکەوتنی سەربازی و تەکنۆلۆژییەوە بوو بە گرنگترین سیستەمی بەرگری موشەکی قەڵغانی ئاگرین وەک هێمای باڵادەستی بەڵام هێرشی حەوتی مانگ دەری خست کە ئەمە بەس نییە.
پێویستە بگوترێ سی و حەوت ڕۆژە بەهۆی هێرشەکەی حەماس و پاشان بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل جەنگێکی سەخت لە ئارادایە و بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر بوونەتە قوربانیی سەرەکی ئەم ململانێیانە و هەزاران کەس کوژراون و دانیشتووانی غەزە لە سایەی ئەو سیاسەتە تووشی قەیران و دۆخێکی سەختی مرۆیی بوونەتەوە.