سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان فه‌رمانى دامه‌زراندنى سێ دادوه‌ری بۆ دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هەرێمی کوردستان واژۆ کرد

له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، دلشاد شەهاب، وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ڕايگه‌ياند: پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى شازده‌هه‌م له‌ ماده‌ى ده‌يه‌مى ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ـ عێراق، ژماره‌ يه‌كى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامه‌زراندنى سێ دادوه‌ری بۆ دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان واژۆ كردووه‌ كه‌ بريتين له‌ هه‌ر يه‌ك له:

ـ دادوه‌ر جاسم جه‌زا جافر، سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى سلێمانى.
ـ دادوه‌ر‌ جاسم محه‌مه‌د مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى دهۆك.
ـ دادوه‌ر تاهر عه‌لى حه‌سه‌ن، دادوه‌رى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى سلێمانى.
وته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، ئەوەشی ڕاگەیاندووە: سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى، له‌ چوارچێوه‌ى بايه‌خدان به دامه‌زراوه‌ى دادوه‌ريدا و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداويستييه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، له‌به‌ر ڕۆشناييى داواكاريى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان، دامه‌زراندنى دادوه‌رانى واژۆ كردووه‌ و‌ فه‌رمانى هه‌رێمييان ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و دوای سوێندخواردن ئيتر وه‌ك ئه‌ندامى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن.