رێباز حه‌ملان: كۆتایی ئه‌م مانگه‌ 700 ملیار دیناری دیكه‌ی مووچه‌ ده‌گات


له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری و كارگێری،  رایده‌گه‌یه‌نێت، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رێگه‌ی شاندێكی فه‌رمییه‌وه‌ نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه‌، له‌ نامه‌كه‌دا دوو خاڵی گرنگ باسكراوه‌‌، یه‌كه‌میان داواكردنی مووچه‌ی سێ مانگی دیكه‌ لو هه‌روه‌ها هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕگه‌ی مووچه‌ له‌ بوودجه‌ی گشتی عێراقدا.

حه‌ملان رایگه‌یاند، ئێمه‌ پێشتر داوای مووچه‌ی شه‌ش مانگی كۆتایی ساڵی 2023مان له‌ عێراق كردبوو، حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مووچه‌ی سێ مانگی ده‌ربڕی، كه‌ مانگانه‌ 700 ملیار ره‌وانه‌ بكات، له‌كاتێكدا ئێمه‌ مانگانه‌ داوای 800 ملیارمان كردبوو، له‌كۆی ئه‌و سێ مانگه‌ی كه‌ ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر كردبوو، تا ئێستا دوو مانگیان ره‌وانه‌ كردووه‌. گوتیشی: “له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا 700 ملیاری دیكه‌ ده‌نێرن”.

راشیگه‌یاند، سوودانی به‌ڵێنی داوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیار له‌ سه‌ر ناردنی سێ مووچه‌ بدات، هیوایه‌كی زۆرمان هه‌یه‌ سێ مووچه‌ی دیكه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ بكرێ.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری و كارگێری گوتیشی: “سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام دایه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌میانه‌ی سه‌ردانی سوودانی بۆ هه‌ولێر، سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختیان له‌‌سه‌ر بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی دۆسییه‌ی مووچه‌ و نه‌وت كرده‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌، حه‌ملان رایگه‌یاند، ئێمه‌ ژماره‌یه‌كمان دیاریكردبوو، عێراقیش ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی باسكردووه‌، بۆیه‌ نزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ نزیكترین كات ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌موواركردنه‌وه‌ی بوودجه‌ی گشتی عێراق، رێباز حه‌ملان رایگه‌یاند، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بڕگه‌ی دووه‌می نامه‌كه‌ی بۆ سوودانی، داوای هه‌مواری بڕگه‌ی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی گشتی عێراقدا كردووه‌، داواكراوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ئینفاقی فیعلی ده‌ربهێندرێت، چونكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ قوتی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆش سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگه‌یاندبوو، داوای مووچەی شەش مانگی ئەمساڵیان لە حکومەتی عێراق کردووە؛ بڕیاریان لەسەر ناردنی مووچەی سێ مانگ داوە و، بۆ سێ مانگەکەی دیکەش، “گووتوویانە مانگی 12 تەسفییە حیسابات دەکەین و چاوەڕێی وەڵامیانین”.