وەزیری شارەوانی: ماستەر پلانی شاری هەڵەبجە دەستپێدەکات

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارکردن لەسەر دانانی ماستەر پلان بۆ ناو شاری هەڵەبجە دەستپێدەکات.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە باڵەخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەڵەبجەی کردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند: لەمڕۆ بەدواوە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەم باڵەخانەیە دەوام دەکەن، مەبەستی دووەمیشمان لەم سەردانەدا بۆ هەڵەبجە دەستپێکی کارەکانی کارکردنە لەسەر دانانی ماستەر پلانە بۆ ناو شاری هەڵەبجە”.

گوتیشی: “ماستەر پلان، بۆ ئایندەی ئەم شارە و رەنگ رێژکردن و نەخشە دانان، بۆ چۆنییەتی فراوانبوونی شاری هەڵەبجە کارێکی گەورە دەبێت، کە ماوەی دوو رۆژە کاری لەسەر دەکرێت”.

شاری هەڵەبجە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە یەکێک لە شارە گرنگەکانی باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46 پلەی رۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانیی 35-36 پلەی باکوور و 83 کیلۆمەتری باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی.

هەڵەبجە لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا، لە ساڵی 1999 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەکو پارێزگا ناسێنرا و یاسایەکی تایبەتی بۆ دەرکرا، لە رێکەوتی 13ی ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی بۆ دەرچوو، لە ئێستادا چاوەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت تا بە فەرمی دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدات، کە چەند جارێک ئەو بڕگەیە لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لادراوە.