له‌ هه‌شتەمین ساڵیادی ئازادكردنی شنگالدا ١٠٠ خێزان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدیان

چواس خالید – هەولێر

له‌ كاروانێكی دیكه‌ ١٠٠ خێزان كه‌ ژماره‌یان ٤٩٣ كه‌سه‌، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شنگالی زێدی خۆیان، ئه‌و ڕێككه‌وته‌ش هاوكاته‌، له‌گه‌ڵ ئازادكردنی شنگال، كه‌ هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و به‌ سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، شنگال له‌ده‌ست گروپی چه‌كدارانی داعش ڕزگاركرا.

١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٣، كاروانێكی دیكه‌ی ئاواره‌كانی شنگال ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی باب و باپیریان، كاروانه‌كه‌ له‌ ١٠٠ خێزان پێك دێت و ژماره‌یان ٤٩٣ كه‌سه‌، كه‌ له‌ سنووری پارێزگه‌ی دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ نیشته‌جێ بوون.
ئه‌و كاروانی ئاواره‌كانی شنگال، له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژ و به‌ دوو قۆناغ ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان.
گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ١٠٠ خێزانه‌ی شنگال، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵ ڕۆژی ئازادكردنی شنگال له‌ده‌ست گروپی تیرۆرستی داعش.
ڕۆژی ١٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٥، دوای ساڵێك له‌ داگیركردنی قه‌زای شنگال و ده‌وروبه‌ری له‌ لایه‌ن تیرۆرستانی داعش، به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و به‌ به‌شداری حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د پێشمه‌رگه‌، دوای ئۆپراسیۆنێكی دوو ڕۆژه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌رۆك بارزانی مژده‌ی ڕزگاركردنی شنگالی ڕاگه‌یاند.
ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، شنگال كه‌وته‌ به‌ر هێڕش و په‌لاماری چه‌كدارانی داعش و شارۆكه‌كه‌یان داگیر كرد، چه‌كدارانی داعش كوشتوبڕ و كۆمه‌ڵكوژی نا مرۆڤانه‌یان له‌م شارۆچكه‌یه‌دا كرد و زیادتر له‌ شه‌ش هه‌زار و پێنج سه‌د هاووڵاتی سڤیلیان فڕاند، كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون.
هاوكات به‌هۆی داگیركردنی شنگاله‌وه‌ له‌لایه‌ن داعش، چل و هه‌شت هه‌زار خێزانی كوردی ئێزدی ئاوارە بوون و له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان نیشته‌جێ كران، ئێستاش دوای ساڵانێك له‌ ئازادكردنی شنگال پۆل پۆل دانیشتوانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌ بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ ڕابردوو و وێرانكاری شارۆچكه‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌هۆی هێرشی داعش و داگیركردنی شنگاله‌وه‌، ٨٠%ی ژێرخانی قه‌زاكه‌ و ٧٠%ی خانووه‌كان ڕووخاون و كه‌ڵكی ژیانكردنیان تێدا نه‌ماوه‌، هۆكاری دواكه‌وتنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتوانییه‌تی، كه‌ ئاواره‌ییان دوای ئازادكردنی ناوچه‌كه‌شیان، هه‌شت ساڵ درێژبووه‌ته‌وه‌.
له‌ دوای ئازادكردنی شنگال له‌ده‌ست گروپی چه‌كدارانی داعش، ئه‌وه‌ حه‌وته‌مین كاروانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شنگاله‌ بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، كه‌ ١٠ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ریش كاروانێكی دیكه‌ كه‌ له‌ ١١٩ خێزان پێكهاتبوون و له‌ كه‌مپی شاریاوه‌ نیشته‌جێ كرابوون، گه‌ڕێندرانه‌وه‌ شنگال و به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، تا ئێستا هه‌ژده‌ هه‌زار خێزانی كوردی ئێزدی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شنگال.