ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی دەستگیر کرد

رۆژی دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە کە کەسێک دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییەک و بێڕێزی پێدەکات و رووداوەکەش تۆمار دەکات، دوای بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێک ناسنامەکەی ئاشکرا کرا، بە ناوی (ب. ب. ر.) و لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا”.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر ئاماژە بەوەشکراوە، “لە لێکۆڵینەوەکاندا، دەرکەوت ئەم گرتەڤیدیۆیە بۆ ساڵ و نیوێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا کە هاوڕێی یەکترن و هەر ئەوکاتیش گەیشتوونەتە رێککەوتن و کۆتاییان بە کێشەکانی نێوانیان هێناوە”.

ئاسایشی هەولێر جەختی لەوەکردووەتەوە، لەو ماوەیەوە تا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای تۆمارنەکردووە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار.

هەروەها ئاسایشی هەولێر داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کاتێک زانیارییەکیان بەدەست دەگات، لە سەرچاوەی زانیارییەکە دڵنیاببنەوە و رایەگیاندووە، “پێویستە لە حاڵەتی لەوجۆرە لە رێگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە، زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە تاوەکو لە راستی و دروستی بابەتەکان دڵنیاببنەوە و نەکەونە هەڵەی میدیایی و یاساییەوە و متمانەی خۆیان لەدەست نەدەن، هاوکات نەبنە هۆکاری دڵەڕاوکێ و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و دووپاتی دەکەینەوە هیچ کەسێک لە یاسا بەرزتر نییە