به‌غدا.. پارێزگاری هەولێر سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كات

 

پارێزگای هه‌ولێر بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ (دووشەممە 13ـی تشرینی دووه‌می 2023)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەردانی مەحەمەد شەیاع سودانى سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق کرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر، لەدیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر دوای گەیاندنی سڵاو و رێزی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لە بارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەگشتی کرا.

هه‌روه‌ها پارێزگاری هەولێر، باسی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەری و لێکەوتەکانی و کێشەکانی کەمی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەو پڕۆژانە کرد، کە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کراوە.

ئومێد خۆشناو تیشکیخستەسەر رێگە چارەکان کە بۆ ئەومەبەستە گیراونەتەبەر، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژەی بەوەدا، وەک پارێزگا و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەر بارودۆخێك، پڕۆژەی زۆر و تایبەتمان بەو پرسە ئەنجامداوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی وەک پێویست نەتوانراوە بابەتە ستراتیژییەکان دەستی بۆ ببردرێت.

لە تەوەرێکی دیكه‌ی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە سەردانی شاندێکی پارێزگای هەولێر بۆ شانشینی عەرەبی سعوودییە کرد و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پێدانی قەرزی سعوودیی لەپێناو چارەسەری گرفتی کەمئاوی و مەترسییەکانی لافاو کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەمەبەستی ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە لەو بوارەدا، لە نێویشیاندا دەستکردن بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی چوارەمی ئیفرازی هەولێر، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییه‌ و تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لەشاری هەولێر دەهێنێت.

پارێزگاری هەولێر گوتی: “بەخۆشحاڵییەوە سعوودییە رەزامەند بووە بە پێدانی ئەو قەرزە بە هەولێر، هەموو رێكکارەکان بەکۆتاهاتوون و ئێستا نووسراوی تایبەت لەنووسینگەی بەڕێزتانە و تەنها رەزامەندی ئێوە ماوە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە، ئومێد دەکەین بەڕێزیشتان هاوکار و رەزامەندبن”. (هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌).

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وێڕای سڵاو و رێزی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکار و هەمانگ دەبێت و هەرچی ئاسانکارییە پێشکەشی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کێشانەی ئاماژەیان پێکرا.