كۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن

كۆبوونەوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە هەولێر، بۆ چارەسەری پرسی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەردەوامن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2023، کۆبوونەوەی دووەمی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لە نێوان كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم (بە وەكالەت) لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ دەستپێكردنەوەی ناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان بەڕێوە چوو.
ئەمە لە كاتێكدا ڕۆژی یەكشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، كۆبوونەوەی یەكەم لە نێوان هەردوو لایەندا بۆ هەمان پرس بەڕێوە چوو و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دیاریكردنی میكانیزمەكانی ئەو پرۆسەیە.
ڕۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بە هۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕاگیرا. دوای چەندین كۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر ئاستی باڵا، هەوڵ دراوە هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بكاتەوە. دوای جێبەجێكردنی هەموو پابەندییە یاساییەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، تاكوو ئێستا دانوستان و هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ناردنی نەوت بەردەوامن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری