قائیمقامی هەولێر: 26ـی مانگ نەوت لە سەنتەری هەولێر دابەش دەکرێت

نەبەز عەبدولحەمید جەخت لەوە دەکاتەوە، پلانی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و دەڵێت،” 26ـی مانگ نەوتت سپی لە سەنتەری شاری هەولێر دابەش دەکرێت”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-11-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر راگەیاند، “پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەرێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی ناوچە شاخەوانییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراوە. ئێستا پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری هەولێر وەکو ناوچەکانی بنەسڵاوە، بەحرکە، کەسنەزان و خەبات بەردەوامی هەیە”.

نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەش کرد، “96 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر دابینکراوە. هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامن بۆ ئەوەی 15 ملیۆن و 800 هەزار لیتری دیکەش بۆ سنووری پارێزگاکە دابین بکرێت؛ ئەگەر ئەو بڕە نەوتەش گەیشت، راستەوخۆ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت”.

قائیمقامی ناوەندیی هەولێر گوتیشی: “بۆ جاری یەکەم لە دوای ساڵی 2014 و ئەو هەموو قەیرانانەی رووبەڕوومان بوونەوە، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، لە 26ـی ئەم مانگە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شاری هەولێر”.

ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زووتر لە ساڵانی رابردوو لە رۆژی چوارشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2023 لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی کرد، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: “بودجەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان بۆ زستان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابینکراوە و هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی سپی بەرامبەر بە 100 هەزار دینار وەردەگرێت”.