وەزارەتی شارەوانی: پڕۆژەی ‘راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام’ جێبەجێ ناکرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، پڕۆژەی ‘راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام” لە هەولێر، تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-11-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار، شەقام و جەنجاڵی هاتووچۆ؛ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی 60 مەتریی هەولێر، لێکۆڵینەوەی لەسەر بابەتێك كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەدایە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، 12-11-2023، محەممەد جەواد، بەرپرسی پڕۆژەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام، لە شارەوانی یەکی هەولێر،راگەیاندبوو، “پڕۆژەی وەرگرتنی پارە لە شۆفێران لەبەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام؛ هەموو شەقامە سەرەکییەکانی شاری هەولێر دەگرێتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر شەقامی 60 مەتری جێبەجێ دەکرێت”.

محەممەد جەواد ئاماژەی بەوەش کردبوو، “پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا و دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، دەستمان کردووە بە هێڵکاریکردنی شەقامەکان و دانانی هێماکان. لە قۆناغی دووەمیشدا، بۆ ماوەی مانگێک دەست دەکەین بە رێنوێنیکردنی شۆفێران لە چۆنیەتی راگرتنی ئۆتۆمبێل و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ تاوەکو شۆفێران ئاشناییان هەبێت بە پڕۆژەکە نەک دەستبەجێ بێنە نێو پڕۆسەی پارەدارکردن و سزادان”.

بەگوێرەى دوایین ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، نزیکەى هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانى عێراق هەن و لە هەرێمى کوردستانیش سەرووی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانییەوە تۆمارکراون.